کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی داری ناوچەکانی سەقز و بانە لە چوارچێوەی وێرانکردنی سیستماتیکی سامانە سروشتییەکانی کوردستان

18:13 - 6 پووشپەڕ 2724

بڕینی دار و بنبڕکردنی لێڕەوارەکانی کوردستان لە ناوچەکانی سەقز و بانە لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە، بە ئاگاداریی و چراسەوزی لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕیژیم لەو دوو شارە بەردەوامە.

بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند کەسێک کە خەڵکی گوندەکانی ناوچەی سەرشیو و گەورکی سەقزن بە هاواهەنگی و ئاگاداریی بەرپرسانی ئیدارەی جەنگەڵبانی و ئیدارەی ژینگەی سەقز و بانە، بەبێ هیچ ترسێک ڕۆژ و شەو خەریکی بڕینی دارەکانی ئەو ناوچانەن.

بەرپرسانی ئەم ئیدارە ئاماژەپێکراوانە بە هاوکاریی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەکانی ژینگە و جەنگەڵبانی پارێزگای سنە بەشیوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانیان و کەسانی هەلپەرستەوە، سیاسەتی وێرانکردنی سروشتەکانی کوردستان لەو ناوچانەدا بەڕێوە دەبەن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە درێژەی وێرانکردنی سیستماتیکی سروشتی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لە دارستانەکانی ناوچەی سەقز لەلایەن کەسانی نەفس نزم و سەر بە ڕێژیمەوە لەنێو چوون.

 ناوچەکانی سەرشیو و گەورکی شاری سەقز زۆرترین زیانی ژینگەییان لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتانەدا پێ گەیشتووە.