ناسر ساڵحی ئەسڵ
هه‌ڵبژاردن له کۆماری ئیسلامی‌دا جیا له بەکارهێنانی خه‌ڵک بۆ وەرگرتنی دەنگی مەشرووعییەت بۆ ڕێژیم، نەك هیچ ئاكام و قازانجێكی بۆ گەلانی ئێران نییه، بەڵكوو دژایەتیی لەگەڵ بەرژەوەندی و دەرفەتە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێرانیشدا هەیە. چوونكە هاتنەسەرکاری هه‌رکام له مۆره‌کانی به‌ردڵی ڕێبه‌ری ڕێژیم به‌دڵنیایه‌وه نه‌ته‌نیا هیچ داخوازییەكی گەلانی ئیران دابین نابێت، به‌ڵکوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێبه‌ری ڕێژیم تووشی وه‌هم و خه‌یاڵاتی تێۆریی پیلانه و دنیای ئازاد و دێموكراتیك به دوژمنی خۆی ده‌زانێت، شایەتی خه‌راپتربوونی ڕه‌وشی گەلانی ئێران بەتایبەت لە بواری ئابووری و سیاسییەوە له‌گه‌ڵ دونیای ئازاد و دێموكراتیكدا ده‌بێت. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ڕه‌وشه‌ش خه‌راپتربوونی باری ئابووری و بژێوی ژیانی گەلانی ئێرانه. به‌واتایه‌کی ڕوونتر ده‌توانین بڵێین هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری له چوارچێوەی ڕێژیمی ئێران‌دا به ئامانجی گۆڕانی باری ژیانی گەلانی ئیران و به‌ره‌و باشترچوونی پرسە سیاسی و نەتەوەییەكان و گرفته‌کانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمه‌ڵگەی گەلانی ئیران به‌ڕێوه نا‌چێت، به‌ڵکوو به هۆی بێ‌باوه‌ڕیی عەلی خامنەیی به مۆره‌یه‌کی و گۆڕینی ئه‌و مۆره‌یه له‌گه‌ڵ مۆره‌یه‌کی تر به‌ڕێوه ده‌چێت. بۆیە به‌شداری کردنی گەلانی ئێران نه‌ته‌نیا هیج به‌ردێک له‌سه‌ر ڕێگای ژیانی سیاسی و ئابووریی گەلانی ئێران هه‌ڵناگرێت، به‌ڵکوو شه‌رعیه‌ت و ڕەوایی ده‌دات به ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی و ئه‌و ڕەوایی‌پێدانەش یەکسانە بە درێژبوونه‌وه‌ی دەسەڵاتداریی عەلی خامنەیی که درێژبوونه‌وه‌ی هه‌موو پرسە سیاسی و نەتەوەیی و قەیرانەکانی کۆمەڵگەی ئیرانی به‌دواوه‌یه.
میسباح یەزدی، تێرۆریسیەنی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: "ئیمە ئەگەر یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامی قەبووڵ دەكەین بەم مانایە نییە چوونكە خەڵك پەسندی كردوە، بەڵكوو بەم هۆیەیە كە ئەو یاسایە لەلایەن وەلی فەقیهەوە پەسند كراوە". مانای سادەی ئەو قسەیە ئەوەیە خەڵك ڕۆڵیان لە ڕەوایی‌پێدان بە دەسەڵاتەكانی ڕێبەری ڕیژیم نییە، بەڵكوو خەڵك تەنیا ئەركیان بەشداریكردن و دەنگدانیان لە بەدیهێنان و جیبەجێی كردنی "ئەرك" و "تەكلیف" و "مەقبوولیت‌دان" بە دەسەڵاتەكانی ڕێبەردا چڕ دەكرێتەوە. بۆیە لە پارادایم و بنەما فیكرییەكانی ڕێژیم‌دا حوكمرانی تەنیا مافی وەلی فەقیهە و خەڵك دەبی گۆێڕایەڵی ئەو بن. لەم ڕووەوە به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان له سیستەمێكدا كە باوەڕی بە دەنگی خەڵك نییە و قەیرانی ڕەواییی خەڵكی هەیە، بەشدارییەكی ڕەوا، دێموكراتیك و خەڵكی نییه. خاڵێكی گرینگی دی ئەوەیە كە لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی‌دا بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمار، بەپێی بنەما فكری و هزرییەكانی جیاوازیی ڕەگەزی و ئایینزاكانی كه باری ئیدۆلوژیی بۆ ڕێژیم هه‌یه، بوته یاسا. به‌پێی به‌ندی ١١٥ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێران، به‌شێكی زور لە خەڵکی ئێران، بەتایبەت ژنان له بەربژێربوون بۆ پوستی سه‌ركۆماری بێبه‌ش دەکرێن. بەپێی ئەو ئەسڵە غەیری شیعه‌ی دوازده ئیمامی و ئیلتیزام بە ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ، پێڕه‌وانی مه‌زهه‌به‌كانی سووننی و ئایینەکانی مه‌سیحی، یەهودی، زه‌رتشتی، به‌هایی و تەنانەت بەشێكی زۆر لە فیڕقەکانی شیعەی جیا لە دوازدە ئیمامی و لە هەموو گرینگتر نیوەی کۆمەڵگە وایە ژنان لە مافی بەربژێربوون بۆ پوستی سەركۆماری بێبەش كراون. هه‌روه‌ها به‌پێی به‌نده‌كانی، ٥، ٩٩ و ١١٠ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی کۆماری ئیسلامی هه‌م شوڕای نیگابان ده‌توانی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و هه‌م ڕێبه‌ری ڕێژیم كه نوێنه‌ری ئیمامی زه‌مان له سه‌ر عه‌رده ده‌توانی له واژۆكردنی حوكمی سه‌ركۆمار هه‌رچه‌ند به ده‌نگی خه‌ڵكیش هه‌ڵبژیردرا بێ، خۆ بپارێزێت. كەوابوو هه‌ڵبژاردن له وه‌ها سیستمێك‌دا جگە لە ڕه‌واییدان به ده‌سه‌ڵاتی وه‌لی فه‌قیهـ و جێگیرکردنەوەی ئەو سیستمە هیچ مانایەکی دیکەی نییه.
لە ئێستا ستراتیژیی سەرەکیی كاربەدەستانی ڕێژیم هاندانی خەڵک بۆ چوونەسه‌ر سه‌ندووقەکانی دەنگدانە بۆ ئەوەی بەشکوو ڕەوایی له‌ده‌ستچووی ڕێژیم بەتایبەت لە دوو هەڵبژاردنی پێشووی سەركۆماری و مەجلیسەكانی شوڕای ئیسلامی و خوبرەگانی ڕێبەریدا بگه‌ڕێننه‌وه. بەڵام بە چاوخشاندن بە لیستی کاندیدا لەپاڵوێنەدراوەکاندا دەبینین ڕێبه‌ری ڕێژیم ته‌نیا باوه‌ڕی بە چەند كەس لە مۆرە سووتاو و ئەمنییەتی و نیزامییەكانی خۆی ماوه كە ئەوانیش لەو قه‌وارەیەدا نین بتوانن دەنگی ڕەوایی بۆ ڕێژیم کۆ بکەنەوە، جا با گرفت و مەترسییەکیش بۆ بەردەوامی حوكمڕانی خامنەیی و پرسی جێنیشینی ئەو لە داهاتوودا دروست نەکەن.
په‌ندێکی کوردی هەیە که ده‌ڵێت "مریشک گه‌ر خۆی خۆڵ وه‌سه‌ر خۆ نه‌کات که‌س ناتوانێت وه‌سه‌ری کات". ڕه‌وشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی ئه‌مڕۆکه ڕاست ئه‌و په‌نده‌یه. چوونكە عەلی خامنەیی بۆ گه‌رمکردنی بازاڕی هەڵبژاردن هه‌ڵبژاردنەکان پێویستی به که‌سێکه بتوانێت سەرنجی بەشێك لە خه‌ڵکی ئێران، یان لانیكەم زۆرینەی دەست‌وپێوەندییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشت. چوونكە ڕێبەری ڕێژیم لەلایەك نایهه‌وێت دووباره شۆڕش و ڕاپەرینی گەلانی ئێران لە شەقام و شارەكان سەرهەڵبداتەوە، هەروەها ترسی ئەوەشی هەیە خەڵک بە بایكۆتی هەڵبژاردنەکان و نەچوونە سەر سەندووقەكانی دەنگدان، وەك دوو هەڵبژاردنەكەی پێشوو، "نا"یەكی بەهێزتر و جەماوەریتر لە پێشوو بە ڕێژیم بڵێنەوە. هه‌روەها ڕێبەری ڕێژیم لەوەش ئاگادارە كەسانی ناڕازیی كە پیش‌تر لە بازنەی دەسەڵاتدا بوون و ئیستا لە بازنەی داخراوی ڕێژیم‌دا نەماوەن، باوەڕیان بە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی ڕیژیمدا نەماوە. چونكە ناڕازییانی نێوخۆی ڕێژیم لەوە ئاگادارن عەلی خامنەیی، ئیزن بە كەسانی دابەزیو لە قەتاری ڕێژیم ناداتەوە دووبارە بێنەوە نێو بازنەی داخراوی دەسەڵات. بۆیە ده‌توانین بڵێین ڕێژیم بە سەركوتی بێ‌بەزەییانەی ڕاپەرین و سەرهەڵدانەكان و بێبەشكردنی گەلانی ئێران لە ویستە سیاسی و نەتەوایەتییەكان، ئیتر هیچ ڕەواییەتێكی لەلای گەلانی ئیران نەماوە. بە نەمانی ڕەوایی خەڵكییش، ڕێژیم خۆڵیکی وه‌سه‌ر خۆ کردوە که تا له سه‌رکار بێ و دەسەڵاتداریی زۆرەملی گەلانی ئێران بكا، ده‌بێ ئه‌و ترسه‌ی هه‌بێت گەلانی ئیران جارێكی دیكە لێی ڕاسێنەوە.
ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بەو ڕابردوویەی لە سەركوت و خەفەقان و سەرەڕۆیی دژ بە گەلانی ئیران هەیەتی، جاریكی دیكە ناتوانی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان بە بەشداریی خەڵک گه‌رم بکات و ڕەوایی دەسەڵاتداریی بۆخۆی بگەڕێنیتەوە. بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیش هەم دەبێتە شکستێکیی دی بۆ ڕێبه‌ری ڕێژیم و هەم جارێکی دیكەش خەڵكی ناوچە و جیهان و وڵاتانی ئازاد نێوه‌ڕۆک و ناڕەوابوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سەرەڕۆ و ناخه‌ڵکییه‌یان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
ئەوەندەی بۆ گەلی کورد دەگەڕێتەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزران و هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمەوە "نا"یەکی گەورەی پێ گوتووە و لە خەباتێکی بەردەوام لەدژی ڕێژیم‌دا بووە. ئەم ڕێژیمە نەک ئێستا، بەڵکوو لە هەموو ماوەی تەمەنی خۆیدا هیچ پێگە و ڕەواییەكی لە كوردستان نەبووە و دامودەزگاكانی ڕیژیمیش لە كوردستان جگە لە سەركوت و زەبروزەنگ و کوشتار هیچ دیارییەکیان بۆ خەڵک نەبووە، هاوکات خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا دوابزماریان لە تابووتی شەرعییەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا و چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە یەکلا کردەوە. بە سەیرکردنی ڕەوتی ڕووداوەکان لە ئاستی ئێران‌دا و سەرنج‌خستنەسەر کەشی بەناو هەڵبژاردنەکان ئەو ئاکامگیرییە دەکرێ خەڵکی ئێرانیش جارێکی دیکە متمانەدانی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی ناکەنەوە بە ئامراز بۆ ساتوسەودای ڕێژیم لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەمڕۆ دەنگی بایکۆت و "نا"گوتن بەو ڕێژیمە لە هەموو دەنگێک بەرزترە.