کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەسینەما بێىەشن

18:07 - 24 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: نەبوونی سینەما لەپارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات کێشەیەکە کە بەرپرسان و وەزارەتی ئیرشادی رێژیم هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵناگرن.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای ئەوەیکە کێشەیەکی زۆر بەرۆکی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و بەرپرسانی رێژیم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری کێشەکان نادەن، کێشە نەبوونی سینەما لەپارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات وەکوو هەموو کێشەکانی دیکە وەک خۆی ماوەتەوە.

لەکاتێک‌دا کە هاتنی سینەما بۆ ئێران سەد و پازدەهەمین ساڵێ خۆی تێپەڕ دەکات بەڵام پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران سینەمایان نییە و تەنانەت لەپارێزگای سنە تەنیا دوو ساڵۆنی سینەما هەیە.

جیا لەوەیکە سێنەما لەو شارانە نییە و هیچ سینەمایەکیش دروست ناکرێت، هەندێک لەساڵۆنەکانی سینەماش لەلایەن دام‌ودەزگاکانی رێژیم دەکرێن بە شوێنی بازرگانی و کەڵکی دیکەی لێوەردەگرن.

کێشەی نەبوونی سینەما لەپارێزگای سنە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی دیکە وەک نەبوونی ئیمکاناتی پێویستی سینەما و تەرخان‌نەکردنی بوودجە بەرەڕوویە.

کەمتەرخەمی بەرپرسانی رێژیمی ئێران بە سینەما لەکاتێک دایە کە سینەماکارانی ئەو پارێزگایە لە فێستیواڵە نێودەوڵەتییەکان‌دا بەردەوام پلەی باش بۆخۆیان مسۆگەر دەکەن.
لەو پێوەندییەدا، لەپارێزگای ئورمیە لەسەرجەم ١٩ سینەمای ئەو پارێزگایە تەنیا ٣ سینەما کار دەکەن و باقی شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە لەبوونی سینەما بێبەشن.

سینەماکانی ئەو پارێزگایە بە هۆی ئەوەیکە زیاتر لە ٥٠ ساڵە کار دەکەن پرتووکاو بوونە و کەڵکیان لێ وەرناگیرێت.

بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران جیا لەوەیکە هەوڵێک بۆ باشترکردنی سینەما لەو ناوچانە نادەن بەڵکوو فیلتێر و پێشگرتن لەبەرهەمە سینەماییەکان کێشەیەکی دیکە کە سینەماکارانی کورد لەگەڵ بەروڕوونە.