کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش نائارامییەکانی سەقز دەنگۆی دەسبەسەرکرانی دەیان هاووڵاتی بڵاو بووەتەوە

19:11 - 17 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: دوێنێ پێنجشەممە رێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەر، دەنگۆی دەسبەسەرکرانی ٨٠ هاووڵاتیی کورد کە دەوترێ لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بوون لە ئاستی شاری سەقزدا بڵاو بووەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە مەیدانی هەڵوی شاری سەقز، دەنگۆی دەسبەسەر کرانی زیاتر لە ٨٠ هاووڵاتیی لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو بووەتەوە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری سەقز بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: رێکەوتی ١٦ خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی پاش شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لەهەمبەر لە سێدارەدانی لاوانی کورد لە کوردستانی ئێران، دەنگۆی دەسبەسەرکرانی ٨٠ هاووڵاتیی کورد لە شاری سەقزدا بڵاوبووەتەوە\'\'.
هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد و دروست‌تر لەم رەشبگیرییە لەبەر دەستدا نییە، بەڵام ناوی ژمارەیەک لەو دەسبەسەر کراوانە بۆ \'\'کوردستان میدیا\'\' ئاشکرا بووە کە بەهۆی باری ئەمنیەتی و دڵنیانەبوون لە دەسبەسەر کردنیان، لە بڵاوکردنەوەی ناوەکان خۆ دەوبرێت.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پاش لە سێدارەدانی ٣ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئورمیە، سەڵماس و سەقز، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی شارەکانی سەقز و مەریوانی گرتەوە و سەرەڕای داسەپاندنی کەش و دۆخێکی ئەمنیەتی و لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان و لیباس شەخسییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەمەڕ چاوترسێن کردنی خەڵک، ئەو ناڕەزایەتییانە بەڕێوەچوون.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی دیکە لە شێواز و چۆنیەتی و شوێنی راگرتنی ئەو دەسبەسەرکراوانە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا نەگەیشتووە.