کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ئیعدامی ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد، دۆخی ئەمنیەتیی کوردستان توندتر بووەتەوە

15:51 - 12 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: جووڵە و جەولانی هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی ئورمیە، دۆخێکی ئاڵۆزی ئەمنیەتیی لەو ناوچەیەدا دروست کردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئیعدامی ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت سپای پاسدارانی ئەو رێژیمە، ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بەتایبەت ئورمیەیان ئەمنیەتی کردووە.
گوندی \'\'جەتەر\'\' لە ناوچەی \'\'سۆمای برادۆست\'\'ی ئورمیە لە شەپۆلی ئەمنیەتی کردنی هێزەکانی رێژیم بەری نەبووە و لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی ئەو گوندە بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاندووە: \'\'هێزێکی زۆری سپای پاسداران بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییانی ئەو گوندە، دۆخێکی ئەمنیەتییان لەو گوندەدا دروست کردووە و شەوانە لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا بۆسە دادەنێن و بە رووناکیی هەوا شوێنەکەیان بەجێ دێڵن\'\'.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، وتیشی: \'\'ئەو هێزانە بە رۆژدا لە شوێنی دانانی بۆسەکاندا نامێننە، بەڵام بە جلوبەرگی شەخسییەوە دێنەوە ناو گوندەکە\'\'.