کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا و لێدوانە دژبەیەکەکانی لێپرسراونی ئێران

19:11 - 19 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: دوای ئەوەی کە جۆبایدێن پرسی وتووێژی لەگەڵ ئێران ورووژاند، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو رێژیمە کۆمەڵێک لێدوانی دژبەیەکیان دا، کەلە ئەنجامدا عەلی خامنەیی هەموو ئەو قسانەی بە ساویلکانە لەقەڵەم دا.


عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنیاری دانووستان لەگەڵ ئەمریکای رەت کردۆتەوە و وێڕای هوشداری دان بە بەرپرسانی رێژیم رایگەیاندووە، پێویستە هەموو لایەک بەرژەوەندییەکانی نیزام بپارێزن و قسەی ساویلکانە نەکەن.
خامنەیی کەلە کۆڕی فەرماندەرانی هێزی هەوایی ئەرتش قسەی دەکرد، وتی: لە پێوەندیی ئەو قسە ساویلکە و بێ‌ ئەخلاقییانەدا دواتر لێدوان لێدەدەم.
ئاماژەی خامنەیی بە قسەکانی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە چەند رۆژ لەمەوبەر لە مەجلیس ژمارەیەک فایلی تایبەت بە گەندەڵییەکانی برایانی لاریجانی خستە روو.
لەلایەکی دیکەوە رێبەری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر چەشنە وتووێژێکی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا رەت کردەوە و لەو باوەڕە دایە، ژمارەیەک کەسی ساویلکە، یان قین لەدڵ بە پێشنیاری ئەمریکا خۆشحاڵن.
لەم رۆژانەدا پرسی وتووێژی ئەمریکا و ئێران بۆتە مانشێتی راگەیەنەکان و دوای پێشنیاری جۆبایدێن جێگری سەرکۆماری ئەمریکا لەمەڕ وتووێژی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران، عەلی ئەکبەر ساڵحی وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، وتی: کۆماری ئیسلامیی بە ئەرێنییەوە دەڕوانێتە ئەو پێشنیارە.
ساڵحی راشیگەیاندبوو، لەحاڵی حازردا روانینی حکوومەتی ئەمریکا، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دێهەوێ‌ لەگەڵ ئێران وتووێژ بکات.
هەر لەو پێوەندییەدا مەحموود ئەحمەدی نژاد، رامین میهمان‌پەرەست وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ژمارەیەک لە جەناحەکانی ناو سیستمی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازییان لەو پێشنیارەی ئەمریکا کردبوو.
لە نەورۆزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویشدا باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا لە پەیامێکدا خوازیاری ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ببوو.
ئەو کاتیش عەلی خامنەیی ئەو پێشنیارەی بە فێڵ و تەڵەکە لەقەڵەم دابوو.