کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرچەکرداری رێژیمی ئێران لەهەمبەر راپۆرتی ئەحمەد شەهید

15:34 - 22 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: چوارەمین راپۆرتی ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بە ساختە لەقەڵەم درا.
٥٠ لاپەڕە لە چوارەمین راپۆرتی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، بۆ ناوی زیندانیانی سیاسی، مەزهەبی و نەتەوەیی و تۆمەتەکانیان تەرخان کراوە، کە تێیدا ناوی زیاتر لە ١٥٠ زیندانی نووسراوە.
لەم راپۆرتەدا هاتووە: سەرەڕای ئەوەی کە ئایینی ئیسلام ئەشکەنجە و ئازار دانی زیندانیانی قەدەغە کردووە، بەڵام تۆمەتباران لە کاتی لێپرسینەوە لە ئێراندا ئەشکەنجە دەکرێن.
رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، لەگەڵ ١٦٩ شایەتحاڵ وتووێژی کردووە.
بە وتەی ئەحمەد شەهید ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ئەحمەد شەهید وتووێژیان کردووە لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە گوشاریان خراوەتە سەر و وتوویەتی :٥ چالاکی کورد لە ورمێ دەسبەسەر و ئەشکەنجە کراون، هەتا دان بە پیوەندی لەگەڵ رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دابنێن.
دەسبەسەر کردنی بەربڵاوی رۆژنامەنووسان و پێشێل کردنی مافەکانیان، لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا گونجێندراوە.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد جەواد ئەردەشێر لاریجانی نوێنەری رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەست لە جێ وەڵامی ئەحمەد شەهیدی داوەتەوە و ئەو راپۆرتەی بە ئامانجدار و ناڕاست لەقەڵەم داوە و هەروەها رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەست و پێوەندیی وڵاتانی قین لەدڵ وەسف کردووە.
لە هەمان کاتیشدا ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرقاڵی ئامادە کردنی رەش‌نووسی بڕیارنامەیەکن، پێشێل کردنی مافی مرۆڤیان لە ئێران بە توندی مەحکووم کردووە.
رێپۆرتێرە تایبەتەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نێو کارناسە هەڵکەوتووەکانی جیهان هەڵدەبژێردرێن.