کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی مستەفا هیجری بە بۆنەی رۆژی جیهانی لاوانەوە

15:38 - 20 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیهانی لاوانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکەی مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات بەم چەشنەیە:

رۆژی جیهانی لاوان پیرۆز بێ‌!

رۆژی ١٢ ئوگوست رۆژی جیهانی لاوانە، بەم بۆنەوە پیرۆزبایی خۆمان پێشكەش بە هەموو لاوانی جیهان بە تایبەت لاوانی كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستان ‌و یەكیەتی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەكەین.
لاوانی تێكۆشەر‌و خۆشەویست !
گرنگی دەوری لاوان لە پێشكەوتن، داهێنان و ژیانێكی ئازاد و بەختەوەرانە لە وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوڕۆی دنیا، بە تایبەت لە رۆژی جیهانی لاواندا، هەل‌ومەرجی نالەبار‌و و بێ‌‎بەشی لاوانی ئێران بە تایبەت لاوانی كوردی خۆرهەڵاتمان بیر دەخاتەوە كە چۆن لە ژێرباری زەخت‌و زۆری رێژیمی دواكەوتوویی كۆماری ئیسلامی‎دا لە هەموو خۆشی ژیان بی‎بەشن‌و رۆژانە بە بەهانەگەلی بێ‌‎بنەما ئیعدام دەكرێن‌و تەمەنی لاوەتییان لە زیندانەكاندا تێپەڕ دەبێ‌.

لەو بێ‌‎بەشی ‌و ستەملێكراوییەدا، كیژانی لاوی كورد دووقات كەوتوونەتە ژێر زۆرداری رێژیم ‌و، هەڵسوكەوتی رۆژانەیان وەك لەبەركردنی جل‌و بەرگ لە كۆمەڵگا ‌و شوێنی كار لە ژێر چاوەدێری بەكرێگیراوانی رێژیم دایە‌و، رۆژانە گوێبیستی سزای دڕندانەی مۆرەكانی رێژیم وەك ئەسیدپرژاندن‌و ... دەبین.
بۆیە پێمان وایە رۆژی راستەقینەی لاوانی كورد ئەو رۆژە دەبێ‌كە ئەوان ‌و هەموو چین‌و توێژەكانی ئێران شاهیدی نەمانی ئەو رێژیمە داسەپاوە بن، ئێمە دڵنیاین كە لاوانی كورد ‌و باقی نەتەوەكانی ئێران ئەو توانایەیان تێدایە ‌و سەرئەنجام وەكوو زۆرێك لە وڵاتانی دیكتاتۆری، بەهێزی یەكگرتوویی خۆیان ئەو رۆژە وەدی دێنن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی / مستەفا هیجری
٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی