کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی برایانی كورد پوور زیاتر لە سی رۆژە ناڕوونە

15:53 - 21 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی ٣٤رۆژ لە دەسبەسەر كردنی مەسعوود و خوسرەو كوردپوور دوو رۆژنامە نووسی كورد، هێشتا چارەنووسیان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی ـ قەزاییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە روون نەبۆتەوە.
برایانی كوردپوور رێكەوتی ١٧و ١٨ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری مەهاباد دەسبەسەر كران و دوای سێ‌حەفتە راگرتنیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا رێكەوتی 8‌ی خاكەلێوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە ورمێ‌راگوێزران.

7026.jpg

دەسبەسەر كرانی ئەو دوو چالاكەی مافی مرۆڤە لە كاتێك دایە کە چەند رۆژ دوای گیرانیان، پارێزەرەكەیان بە مەبەستی ئاگادار بوون لە رەوش و چاوپێكەوتن لەگەڵ مەسعوود و خوسرەو سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادی كردبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی كە هێزە ئیتلاعاتییەكانی رێژیم نەیانهەێشتبوو چاوی بەو دوو رۆژنامەنووسە بكەوێ‌، وەكالەت‌نامەكەشیان لێ ئەستاندبوو.
خوسرەو كوردپوور رێكەوتی ١٧‌ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١‌ی هەتاوی لەشاری مەهاباد لە ناو ماڵەكەی خوێدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كرا.
هەر لەو پێوەندییەدا یەك رۆژ دواتر كە مەسعوود كوردپوور بە مەبەستی بەدواداچوون بە دۆسیەی براكەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی لە شاری مەهاباد كردبوو، ئەویش لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەوە دەسبەسەر كرابوو.