کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کوردی دەسبەسەر کراو، ناڕوونە

20:16 - 5 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس لە پارێزگای ورمێ کە ٧ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.


حەبیب ئەتمانی کوڕی جەعفەر و ئازاد ئەتمانی کوڕی ئەفرووز خەڵکی شاری سەڵماس ٧ مانگ پێش ئیستا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.
هەواڵدەریی هرانا بڵاوی کردەوە، ئەم دەسبەسەر کراوانە هەتا ئێستا مافی دەستڕاگەیشتنیان بە داواگر (وکیل) و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەیان نەبووە و هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان، وێڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپیی مادەی ٩٢ی کۆنڤانسیۆنی مافی زیندانیان، زینداییەکی دادگایی نەکراو دەبێ ئیزنی ئەوەی هەبێ، هۆکاری دەسبەسەر کرانی، شوێنی راگیران و دادگایی کردن و هەروەها بارودۆخی خۆی بە بنەماڵەکەی رابگەیەنێت و تێکڕای ئیمکاناتی پێوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵە و کەس و کار و هەروەها چاوپێکەوتنی هەبێت و ئیدارەی زیندانەکان لە سەرووشەوە دەزگای قەزایی، پێویستە ئەم ئیمکاناتە دابین بکەن.