کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکایی تەبلیغیی ئەندامانی حیزب بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە ئورمیە بەردەوامە

16:45 - 14 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: چالاکیی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و گوند و ناوچەکانی سەربە ئورمیە، بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان درێژەی هەیە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئورمیە بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان، رۆژی شەممە چالاکیی تەبلیغییان لە پارکی سەعات، کەمەربەندی، سیلۆی گەنم، حەسەن ئاباد، حوسێن ئاباد، بەند، چیای سیرێ و بەرانبەر دانشکەدەی ئورمیە، چالاکییان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بە ١٠ی خاکەلێوە ئەنجام داوە.
هەروەها لە گوندەکانی پیرگوڵ، مێشک، کوورەی سەرێ، کوورەی خوارێ، حەمام، کەرێز سەربە ناوچەی ئەنزەڵ چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچووە و لە شارۆچکەی نەوشەهر، شەقامی دوکتور قاسملوو و گەلی قاسملوو ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵانەکانی ئەو شارە ئەو چالاکانییانە بەڕێوەچوون.
ئەندامانی حیزب لەو شوێنانەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو تراکت و نووسراوە و وێنەی شەهیدان پێشەوا قازی محەممەدیان بڵاو کردووەتەوە.
هەروەها لەسەر دارتێلی کارەبای فشار قەویی کارێز، پشتی کەنیسەی چیای سیرێ، لەسەر دارتێلی کارەبای جاددەی ئورمیە ــ سەڵماس و بەرەوڕووی گوندی سێڵان لە گەلی قاسملوو ئاڵای کوردستان بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان هەڵکراوە.
قەبارەی هەرکام لەو ئاڵایانە ٣ لە ٥ میتر بووە.