کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان درێژەی هەیە

21:27 - 10 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: چالاکیی ئەندامانی حیزب بەبۆنەی رۆژی ١٠ی خاکەلێوە لە مەهاباد، سنە و مەریوان بەردەوامە.
ناوی ئەو شار و ناوچانە کە چالاکییان تێدا ئەنجام دراوە بریتین لە:


مەریوان

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەریوان بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.
نێ، دەرەتفێ، یەنگیجە، بەردەڕەشە، کەڵکە جان، کۆڵان و کانی سپیکە، ناوی ئەو گوندانەی شاری مەریوانە کە ئەندامانی حیزب بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێر چالاکییان بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان ئەنجام داوە.
مەهاباد

رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئەندامانی حیزبی دێموکرات و درێژەدەرانی رێگای شەهیدانی کوردستان بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە ناوچەکان شاروێران، شامات و مەحاڵ، لەوحی رێزلێنانی کومیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەسەر بنەماڵەی شەهیداندا بڵاو کردەوە کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی بنەماڵەی شەهیدان بەرەوڕوو بووەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە خاوێن‌کردنەوەی گڵکۆی شەهیدانی رێبەر پێشەوا قازی، سەدری قازی و سەیفی قازی بە ئاوی گوڵاو و گوڵباران کردنی مەزارەکەیان و چاندنی گوڵ و دار و نۆژەنکردنەوەی دەوروبەریان، ئەمەگ و وەفاداریی خۆیان لەگەڵ رێبازی ئەو شەهیدانە دووپات کردەوە.
خاوێن‌کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی گڵکۆی سەرکۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد دەنگدانەوەی لەو شارەدا بە دواوە بوو و لە ئەنجامدا لاوان دەستە بە دەستە سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان دەکرد.
سنە

رێکەوتی ٩ و ١٠ی خاکەلێوە، ئەندامانی حیزب لە گوندەکان و ناو شاری سنە بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەتیی کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.
گوندی میراو لە ناوچەی ژاوەرۆ، دەوروبەری فەلکەی شێخ هادی، ئیستگای حاجی ئاوا، شەریف ئاوا، دەوروبەری بێهداشت، مزگەوتی حەزرەتی عومەر، کۆڵانی زۆرخانە، گەڕەکی گریاشان، شارەکی پەردیس، شەقامی ژاندارمری، ناوی ئەو شوێنانەی شاری سنەیە کە چالاکییان تێدا بەڕێوەچووە.

8150.jpg