کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی یادی ٧٠ ساڵەی کۆماری کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو

19:35 - 1 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ٧٠ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵۆنی سەعد عەبدووڵای شاری هەولێر بەرز ڕاگیرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێڕی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی ٧٠ ساڵەی تەمەنی پڕشکۆی کۆماری کوردستان لە پێتەختی هەرێمی کوردستان بە بەشداری نوێنەرانی حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هەندێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، ژمارەیەک نوێنەر لە کۆنسولگەریی چەند وڵاتێک لە شاری هەولێر، کەسایەتی ڕۆشەنبیر و ئاکادمیک و ڕاگەیاندنەکانی بیانی و نێوخۆیی و هەروەها ئەندامانی ڕێبەریی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ساڵۆنی سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر محەممەدساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەخێرهاتنی سەرجەم بەشداران و میوانانی ئەم ڕێوڕەسمەی کرد و یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستانی پێرۆزبایی کرد.

پاشان مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

مستەفا هیجری لە وتەکانیدا باسی لەوە کرد میرات و به‌رهه‌مێكی دیکەی كۆماری كوردستان كه‌ ئێستا نەک کورد، بەڵکوو هه‌موو جیهان شانازی پێوه‌ ده‌كات پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ كۆماری كوردستان دایمه‌زراند و ئەو ناوە شیاوەی بۆی دیاری کرد. ئەو هێزە بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردی تا ئەمڕۆ له‌ نه‌مان پاراستووه،‌ بووەته‌ ناو و شانازییه‌ك بۆ هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانیش، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی كه‌ له‌ جه‌نگی دژی تیرۆردا دەرگیرن و چاویان بڕیوه‌ته‌ قارەمانەتی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمەرگە. بۆیه‌‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ وەبیرهێنەرەوەی ناو و یادی كۆماری كوردستانە بۆ هەموو کورد، بە تایبەت بۆ نەوەی ئێستا.

هیجری لە وتەکانیدا باسی لەوە کرد،خاڵی دره‌وشاوه‌ی كۆماری كوردستان حیزبی دیموكراتی کوردستان‌ە كه‌ هه‌م كۆماری كوردستان داده‌مه‌زرێنیت و هه‌م خۆی میراتگری به‌ها نه‌ته‌وه‌یی – سیاسیه‌كان و‌ به‌رهه‌می كۆمارە (‌ئەو حیزبە تاكوو ئێستاش سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌م و كورتی و سه‌ختییه‌كانی رێگه‌ی خه‌باتی حەفتا ساڵەی هه‌ر له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ نەتەوەیی، یه‌كسانیخوازی و ئازادیته‌وه‌رەکانی رێبازی كۆمار و پێشه‌وای نه‌مر به‌رده‌وامه).

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە ٢ی ڕێبەندان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و بە ئاماژە بە شانزیەکانی خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکان، پێداگریی لە هاوبەشی لە ئامانج و ئاواتەکانی کورد و هەروەها پێویستیی یەکریزیی نێو ماڵی کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان کرد.

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی لەژێر ناوی سپێدە لە لایەن کۆڕی مووزیکی حیزبەوە پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا، شێعریک لەژێر ناوی ڕێباز لە لایەن شەریف فەلاح خوێندرایەوە.

هەروەها، شۆڕش ئاهی، هونەرمەندی پەیکەرتراشی کورد، تەندیسی پێشەوا قازی محەممەدی دروست کردبوو کە پێشکەشی ئەو ڕێوڕەسمەدا کرابوو و لەوێدا پیشان درا.

پاشان دڵدار شکۆ شێعرێکی بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە دەستی پێشەوا قازی محەممەد، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە دوو کەسایەتی کەریم زەند مامۆستای سەردەمی کۆمار و شەریف زورار\'\'پێشمەرگەیەکی بارزانی لە سەردەمی کۆماری کوردستان بە نوێنەرایەتی پێشمەرگە بارزانییەکانی کۆماری کوردستان، کرا.
دواتر چەند پارچە گۆرانی لە لایەن هونەرمەند میکائیل ـەوە پێشکەش کرا.

بە بۆنەی یادی حەفتا ساڵەی کۆماری کوردستان کۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی بە دەستی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە گەیشتبوو کە ناوەکانیان بریتین لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان ـ مەکتەبی پێوەندییەکانی گشتی
ـ فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
ـ فراکسیۆنی پارتی دێموکراتی کوردستان لە پارلمانی کوردستان
- بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان، مەکتەبی سیاسی
ـ کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ـ حیزبی ڕزگاریی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ـ پارتی ئازادیی کوردستان ــ باکوور
ـ پارتی پێشەنگی کوردستانی سووریه
ـ یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریه
ـ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
ـ پەیامی هاوبەشیی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی کوردستانی ئێران
ـ ڕۆژنامەی خەبات ــ سەلام عەبدوڵڵا
ـ گۆڤاری کوردستان ٢١
ـ دەستەی بڵندی ڕێکخراوی هوشیاریی لاوان
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان ـ سووریه

13366.jpg

13370.jpg

13369.jpg

13367.jpg

13372.jpg

13365.jpg

13368.jpg

13373.jpg

13374.jpg

13384.jpg

13380.jpg

13387.jpg

13386.jpg

13391.jpg

13381.jpg

13375.jpg

13390.jpg

13377.jpg

13376.jpg

13382.jpg

13389.jpg

13385.jpg

13388.jpg

13378.jpg

13392.jpg

13383.jpg