کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی کوژراوانی سووریە لە ٧٠ هەزار نزیک بووەتەوە

13:46 - 25 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: کۆمیسێری مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی شەڕی ناوخۆیی سووریە لە ٧٠ هەزار کەس نزیک بووەتەوە.


ناوی پیلای، ژمارەی کوژراوانی ئەو شەڕەی لە ساڵی نوێی زایینیدا زیاتر لە ٩ هەزار راگەیاندووە و ئەم ئامارەی بە خەفەتهێنەر لەقەڵەم داوە.
پیلای وێڕای بڵاو کردنەوەی ئەم ئامارە، رەخنەی توندی لە ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ کەمتەرخەمی و نەبوونی توانایی راگرتنی شەڕی ناوخۆیی سووریە گرتووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مەسەلەی سووریە بووەتە دوو جناح و ئەمریکا و باقی وڵاتانی ئورووپایی خوازیاری دەست لە کار کێشانەوەی بەشار ئەسەدن بەڵام چین و رووسیە هەتا ئێستا ٣ جار بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشیان لەو پێوەندییەدا ڤێتۆ کردووە.
ئەرتشی ئازادی سووریە دەستی بەسەر فڕۆکەخانەی نیزامیی حەلەبدا گرت
ناوەندی راگەیاندنی حەلەب سەربە دژبەرانی رێژیمی ئەسەد، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی رێبەندان بڵاوی کردەوە، ئەرتشی ئازادی سووریە دەستی بەسەر فڕۆکەخانەی نیزامیی شاری حەلەبدا گرتووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ئەرتشی ئازادی سووریە پاش ئەم ئازاد سازییە دەستی بەسەر رێژەیەکی بەرچاوی کەرەسەی نیزامیی‌دا گرتووە و چەندین فڕۆکەی جەنگیی کونترۆڵ کردووە.
رێژیمی سووریە، چەکدارانی دژبەری خۆی بە دەست و پێوەندیی وڵاتانی بێ‌گانە و تیرۆریست لەقەڵام دەدات و هەتا ئێستا هەموو جۆرە دانیشتن و دانووسانێکی لەگەڵ ئوپۆزسیۆن رەت کردووەتەوە.
لەلایەکی دیەکشەوە دژبەرانی رێژیمی سووریە دەسەڵاتی ئەسەد بە ناڕەوا و ناخەڵکی ناودەبەن و خوازیاری رووخانی ئەو رێژیمەن.
دژبەرانی ئەسەد لەو بڕوایە دان رێژیمی ئیسلامیی ئێران پشتیوانی مادی و مەعنەوی لە بەشار ئەسەد و ئەرتشی ئەو رێژیمە لەمەڕ سەرکوتی خەڵکی ئەو وڵاتە و مانەوەی تەنیا هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکە تەنانەت جیهانیشدا دەکات.
لە چەند رۆژی رابردووشدا هەواڵی، هەوڵی رێژیمی ئێران و حیزبووڵای لوبنان بۆ دامەراندنی هێزێکی میلیشیایی تایبەت، لە سووریەدا بڵاو بۆوە.
هەواڵەکە باسی لەوە دەکرد ئەو هێزە بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و حیزبووڵای لوبنان لەو وڵاتەدا چ ئێستا و چ پاش رووخانی ئەسەد دەبێت.