کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئابووریی ئێران

14:14 - 8 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: بە توندتر بوونەوەی گەمارۆکان و داسەپاندنی سزای ئابووریی زێدەتر لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە بەسەر رێژیمی ئێران لەمەڕ پێشگیری لە بەرنامەی ناوکیی ئەو وڵاتە، بارودۆخی ئابووریی ئێران رووی لە خراپی کردووە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زۆربەی ئابووریزانانی جیهان لەو بڕوایە دان کە سزای ئابووریی ئێران، کاریگەریی رووخێنەری لەسەر ئەو وڵاتە هەبووە و بەشی ئابووریی ئێرانی فەلەج کردووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی و بە گشتی وڵاتانی گەشەسەندووی جیهان هاوشانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا لەگەڵ گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ئێران کەوتوون و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کاریگەریی گەمارۆکان زیاتر دەربکەوێت.
زۆربەی کارناسانی ئابووری و سیاسیی جیهان لە پێوەندی لەگەڵ کاریگەریی گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانی لەدژی رێژیمی ئێران و بارودۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە لەمەڕ راگرتنی بەرنامەی ناوکی، وتوویانە: ئەو گەمارۆیانە سەرەڕای ئەوەی کە هیچ کاریگەرییەکیان لە رەوتی بەرنامەی ناوکی و دروست کردنی چەکی ناوکی لە ئێراندا نییە، بەڵام بەشی ئابووریی ئەو وڵاتە فەلەج کردووە.
گەمارۆ ئابوورییەکان لەدژی رێژیمی ئێران لە زستانی ساڵی رابردووەوە توندتر بوونەتەوە و پێشهاتەگەلێکی وەک گرانی کاڵا بنەڕەتییەکان و هەڵکشانی لە رادەبەدەری نرخی هەڵاوسان بە دواوە بووە و ئەمەش دابەزینی پلەی ئابووریی ئێرانی لە ئاستی جیهاندا لێکەوتووەتەوە.
ئێران لە هەڵاوسانی ئابووری لە لووتکە دایە
بەگوێرەی دوایین راپۆرتەکان کە سەندووقی نێودەوڵەتیی دراو بڵاوی کردووەتەوە، ئێران لە باری نرخی هەڵاوسانەوە لە پلەی یەکەمی جیهان دایە.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە راپۆرتێکدا کە لە پێوەندی لەگەڵ نرخی هەڵاوسان بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی: ئێران لە نێو ١٨٨ وڵاتی جیهاندا پلەی یەکەمی هەیە.

6879.jpg


ئەو رێکخراوە ئابوورییە نرخی هەڵاوسانی لە ئێران ٤٢،٣% راگەیەنراوە و ئێران بە جیاوایی ٤% لەگەڵ دووهەمین وڵات، پلەی یەکەمی جیهانی لە باری نرخی هەڵاووسانی ئابوورییەوە بە دەست هێناوە.
سەرەڕای ئەوەی کە ئێران لە ریزی ئەو وڵاتانە دایە کە بایەخی دراوی خۆیان بە شێوەیەکی دەستکرد رادەگرن و ئاماری نرخی هەڵاوسانەکەیان راست نییە، بەڵام بەو حاڵەش زیاترین رێژەی نرخی هەڵاوسانی لە ئاستی جیهاندا هەیە.