کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی سنووری باشماخ لە مەریوان دەستیان دایە مانگرتن

19:42 - 7 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کرێکارانی سنووری مەریوان بە نیشانەی راگواستنی شوێنی دابەزاندن و ئاڵوگۆڕی بارەکان لە خاکی ئێرانەوە بۆ خاکی هەرێمی کوردستان، دەستیان دایە مانگرتن.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی رەشەمە، کرێکاران و پیلەوەرانی سنووری باشماخ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دابەزاندنی بارەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان دەستیان داوەتە مانگرتن و داوای ئەوە دەکەن کە هەر وەکوو پێشوو بارەکان لەسنووری باشماخ لەسەر خاکی ئێران دابەزینیان بۆ بکرێت.
شایەتحالێک بە ماڵپەڕی کوردستانی میدیای راگەیاند: ماوەی چەند رۆژە ئەو بارانەی کە پێشتر لەسەر خاکی کوردستانی ئێران خاڵی دەکران، هەنووکە لە خاکی هەرێمی کوردستان خاڵی دەکرێن و کرێکارانی سەر سنوور بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو کارەی ئیدارەی گومرگ، دەستیان داوەتە مانگرتن.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ئاشکرا بکرێ وتیشی: ئەم کارەی ئیدارەی گومرگ، بێکاریی زیاتر لە هەزار کرێکاری لێ کەوتووەتەوە کە پێشتر لە رێگای خاڵی کردنی بار لەسەر خاکی ئێران بژیوی ژیانیان دابین دەکرد.
هەنووکە کرێکاران و پیلەوەرانی سەر سنووری مەریوان وێڕای مانگرتن، پێشیان بە رۆشتینی ئەو بارانە بۆ هەرێمی کوردستان گرتووە و رایانگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی کە داخوازییەکانیان وەدی نەیەت، درێژە بەو حەرەکەتە دەدەن.
پاش ئەم نارەزایەتییەی کرێکاران، فەرمانداری، بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران و ئیدارەی گومرگی مەریوان، هاتوونەتە شوێنی مانگرتنەکە، وێڕای ئەوەی کە هیچ وەڵامێکیان بە کرێکاران نەداوەتەوە و وێڕای بێ‌حورمەتی پێ کردن داویانەتە بەر لێدان و کوتان.