کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠٠ کرێکاری بەنداوی ژاوە، حەقدەستیان پێ نەدراوە

14:35 - 27 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەرانی شیرکەتی بەڵێندەر لە بەشی رێگەوبان و تۆنێل‌سازی، چوار مانگە حەقدەستی ٣٠٠ کرێکاری ناوچەی ژاوەرۆیان نەداوە.


کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردەوە بەڕێوەبەرانی شیرکەتی بەڵێندەر، یەکێک لەو شیرکەتانەیە کەلە پرۆژەی دروست کردنی بەنداوی ژاوە دایە و لە بەشی رێگەوبان و تۆنێل‌سازی چالاکی دەکات، خۆی لە دانی مووچەی ٤ مانگی ٣٠٠ کرێکاری ئەو بەنداوە بواردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە بەشێکی دیکەی ئەو شیرکەتە بەناوی ژیان کەلە بەنداوی ژاوە چالاکی دەکات، لە کردەوەیەکی هاوشێوەدا چوار مانگە حەقدەستی کرێکارانی نەداوە.
نەدانی حەقدەستی کرێکاران لە کاتێک دایە کەلە ئەگەری دەربڕینی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک لەسەر ئەم بارودۆخە، لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن و لە هەندێ حاڵەتیشدا چەندین کرێکاریان دەرکردوون.
دەرکران و نەدانی مووچەی کرێکاران لە کاتێک دایە کە کرێکاران لە رۆژێکدا ١٠ هەتا ١٢ کاتژمێر کار دەکەن و لە مانگێکدا ٦٠٠ هەزار تمەن حەقدەست وەردەگرن.
پێشتریش لە ماوەی چوار رۆژدا ٣٠ کرێکاری بەنداوی ژاوە، لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لەلایەن کۆمپانیای بەڵێندەرەوە لەسەر کارەکانیان دەرکران و پێشتر لەوەش ١٩٠ کرێکاری گرێبەستیی ئەو بەنداوە لە کاتێکدا کە ماوەی ٤ مانگ بوو حەقدەستیان وەرنەگرتبوو، لەلایەن ئەو شیرکەتەوە دەرکران.
لەو پێوەندییدا پێشتریش هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردبووەوە، بەرپرسانی شیرکەتی بەڵێندەر ماوەی ٥ مانگە حەقدەستی کرێکارانی بەنداوی چەپەراوێیان لە ناوچەی شنۆ نەداوە و لە هەمان کاتیشدا ٢٠ کرێکاری ئەو بەنداوەیان، بەبێ هیچ هۆکارێک لەسەر کار دەرکردبوو.