کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەولێر بەڕێوەچوو

19:50 - 16 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لەو کۆبوونەوەیەدا دەستەی ئامادەکاریی کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی ٥ کومیسیۆندا هەڵبژێردرا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆبوونەوەی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر لە شاری هەولێر بە راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
لە کۆبوونەوەی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات دەستووری کار پەسند کرا و راو و بۆچوونی بەشداران بۆ پێکهێنانی یەکەمین کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات تاوتوێ کرا.
پێکهێنانی کۆمیتەی ئامادەکار و بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات لە نێوەی دووهەمی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، بەشێکی دیکە لە باس و بابەتەکانی کۆبوونەوەکە بوون.
هەروەها لەو کۆبوونەوەدا بڕیار لەسەر ئامادەکاریی کۆنفڕانس لە چوارچێوەی کومیسیۆنەکانی راگەیاندن، پێوەندییەکان، پەیام، بڕیار و راسپاردەکان و ماڵی، درا.
کۆنفڕانسی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات بە بەشداریی تێکڕای رێکخراوەکانی لاوانی ئەو بەشەی کوردستان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچێت.
لەو کۆبوونەوەدا ئەندامانی لیژنەی ئامادەکار بەم شێوەیە هەڵبژێردران:
سەید جەلال ساڵحی، جەلال رەوانگەرد، تەوار شەریفی، ئەمین قادری، کارۆ کەنکاش، فواد جەعفەری و داود مەنووچێهری.