کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە کوردستاندا

09:36 - 10 سەرماوەز 2719

ئاژوان مەریوان

لە پێناسەی کۆلۆنیالیزمدا هاتووە؛ دەستدرێژی نەتەوەیەک، بۆ سەر نەتەوە و نەتەوەکانی دیکەی جیهان لە درێژەی ماوەیەکی زەمەنیدایە کە بۆ بەهرە و قازانجی خۆی و بێبەریکردنی ئەو نەتەوانە لە سەرچاوەکانیەتی.

بەم پێیە کۆلۆنیالیزم پێوەندیی نێوان یەک دەوڵەت- نەتەوەی دیاریکراو لەگەڵ نەتەوە یان نەتەوەکانی دیکەیە.

لە پشتی کۆلۆنیالیزمدا هەمیشە هێزی دەوڵەتێک بوونی هەیە، کەواتە هێزی سەربازی و سەربازگە هەیە.

لە کۆلۆنیالیزمدا دەبێت پێشکەوتن و گەشەسەندن بوونی هەبێت، چونکوو لە پێناسەی کۆلۆنیالیزمدا هاتووە کە بەکۆلۆنیکەر، بۆ پێشکەوتن و گەشە و ئاوەدانیی کۆلۆنیکراو دێتە پێش، بەڵام قازانج و بەهرەی ئەم ئاوەدانییە بۆ لایەنی بەکۆلۆنیکەر دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە کۆمپانیای هێندیی ڕۆژهەڵاتی بریتانیا بکەین.

سەبارەت بە هۆکارەکانی بەردەم بەربەستی گەشەسەندن لە وڵاتانی پەرەئەستێن (لە حاڵی پێشکەوتندا)، ڕوانگەگەلێکی بەربڵاو خراونەتە بەر باس؛ لە دوای شەڕی دوویەمی جیهانییەوە و تێکۆشانی نەتەوەکان بۆ دەرچوون لە بەندی کۆلۆنیالیزم، دوو ڕوانگەی زاڵی تیۆری سۆسیالیستی و لیبراڵی بەرچاون. بەتایبەت لە نیوەی دوویەمی سەدەی بیستەمدا زۆرێک لە نەتەوەکانی ئافەریقا و ئاسیا، بە پشتبەستن بە ئەسڵی (مافی چارەی خۆنووسین)، سەربەخۆ بوون و خەباتی دژە کۆلۆنیالیستی لە جیهاندا لەو سەردەمەدا بوو کە بە لووتکە گەیشت.

بەگشتی سۆسیالیستەکان هۆکاری سەرەکیی پێشنەکەوتنی وڵاتگەلی تازە سەربەخۆیان کە لە نێوان دوو جەنگی جیهانی یان لە پاش جەنگی دوویەمی  جیهانی سەربەخۆ ببوون، بۆ  هۆکارێکی دەرەکی و دەرەنجامی سیستەمی کۆلۆنیالیستی دەزانی کە ببووە هۆی دروستبوونی ئابووریی تاک بەرهەمی، پێوەندیی نابەرانبەری گۆڕینەوە، نزمی ئاستی تەکنۆلۆژی  و نەبوونی پسپۆڕ و هێزی کاری لێزان دەزانی، بە واتایەکی دیکە دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین کە سۆسیالیستەکان و هێزە چەپەکان هۆکاری سەرەکیی گەشەنەسندنیان بە هۆکارێکی دەرەکی و دەرەنجامی سیستمی نێونەتەوەیی و کۆلۆنیالیستی ئەژمار دەکرد.

 بەپێچەوانەوە لیبراڵەکان هۆکاری سەرەکیی گەشەنەسەندنیان لە وڵاتگەلی پەرەئەستێن و تازە سەربەخۆبوودا، لە نەبوونی ژێرخانی ماددیی نێوخۆیی و نەبوونی سیستمی تەندروستی برۆکراتیک و نەبوونی سەرمایە دەزانی و ڕۆڵی دەرەکییان لاواز و ڕۆڵی دەوڵەتانی بەکۆلۆنیکەر و ئیمپریاڵیستیان ڕەت دەکردەوە.

ئەم ململانێیە تیۆری و هزریانە زوربەیان کەوتبوونە ژێر کارتێکەریی ململانێکانی دوو جەمسەری ڕۆژهەڵات (سۆڤیەت) و ڕۆژاوادا (ئامریکا).

ئەم ڕوانگەگەلە بۆ ڕوونکردنەوەی پێشنەکەوتن لە وڵاتانی پەرەئەستێندا دەخرانە بەرباس بەڵام وەڵامدەری کێشەی نەتەوە بندەستەکانی نێو دەوڵەت- نەتەوە تازە پێکهاتووەکان و گەشەی لاسەنگیان لەنێو سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا نەبوون.

لەم وڵاتگەلەدا کە ئاماژەیان پێ درا، نەتەوەی باڵادەست کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵات دەگرێتە دەست و ئابووری، فەرهەنگ و سیاسەتی نەتەوە بندەستەکانی وەکوو تابعێک لە پێویستییەکانی خۆی شکڵ پێ دەدات، کەواتە بەم پێیە پێوەندییەکی سەردەست- بندەست لە نێوان نەتەوەی حاکم و باڵادەست و نەتەوە بندەستەکانی پێک دێنێت.

تیۆریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی تا ڕادەیەک توانیی وەڵامدەری کێشەی نەتەوە بندەستەکان، کەمینەی ئایینی، ڕواڵەت و ڕەگەزی بێت.

لە وڵاتگەلێکدا کە پێکهاتوون لە چەند نەتەوە، بەڵام مافی حاکمیەتی نەتەوەیی- سیاسی تەنیا بۆ یەکێک لە نەتەوەکانی ئەو دەوڵەت- نەتەوەیەیە و نەتەوەکان و کەمینەکانی دیکەی نێو ئەو وڵاتە بێبەری لە هەر چەشنە مافێکی دیاریکراون.

کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بە کۆلۆنیکردنی هەندێک ناوچە لەنێو سنوورە نێوخۆییەکانی یەک دەوڵەت- نەتەوەی دیاریکراوی مۆدێڕنە، بەڵام لە پێناسەی کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا ئاراستەی بەکۆلۆنی کردن لە دەرەوی سنوورەکانی وڵاتێکدایە.

لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا، بەشێک لە وڵات بەشەکانی دیکەی هەمان وڵات بە قازانجی خۆی دەچەوسێنێتەوە.

نەتەوەی باڵادەست، نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دەکات بە پەراوێزی ئابووری بۆ گەشەی ئابووریی خۆی و  پیشەسازی و تەکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکان لە ناوەندی نەتەوەی باڵادەستدا چڕ دەکاتەوە و بەرهەمهێنانی مەوادی خاوی کشتوکاڵ و کانزایی، دابینکردنی هێزی کار دەخاتە ئەستۆی نەتەوە بندەستەکانی یان بەسەریاندا دەیسەپێنێت. هەر بەم شێوەیە بەردەوام نەتەوەی باڵادەست دەوڵەمەندتر، پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر دەبێت و نەتەوە بندەستەکان تووشی دواکەوتوویی، هەژاری و بێکاری دەبن و بەم شێوەیەیە کە پێوەندیی نێوان سەردەست- بندەست مسۆگەر دەکەن.

پێوەندیی ئابووریی پێکهاتوو لەنێوان نەتەوەی سەردەست لەگەڵ بندەستدا، هێدی هێدی بەرەو قووڵبوونەوە دەچێت و کاریگەریی خۆی لەسەر کەرتەکانی فەرهەنگی و سیاسیشدا دادەنێت، ئەم بارودۆخە تا ئەو ئاستەی دەچێتە پێشەوە کە نەتەوەی بندەست ئەم دۆخەی تێدا دەروونی دەبێتەوە و بەو قەناعەتە دەگات کە ئەم ڕەوشەی پێ تێک نادرێت.

لە وڵاتگەلی پەرەسەندوو(پێشکەوتوو) و سەربەخۆ، کۆی کەرتەکانی ئابووری و پیشەسازی لەسەر پێشکەوتنی پەروەردە، چەندایەتیی هێزی کار، سەرمایەگوزاریی زۆرتر لە تێکنۆلۆژییە بەڕۆژەکان و گونجاو لەگەڵ ژینگە، بایەخدان بە بواری لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان، کەڵکوەرگرتن لە وزەی سروشتی، هەناردەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان چڕ دەبنەوە، لە کوردستانی بندەست و کۆلۆنی هەموو ئەم کەرتگەلە لە ناوەندەوە کۆنترۆل دەکرێن.

حکومەتی ناوەندی بە پەرەدانی سیستماتیک بە هەژاری و بێکاری، بەستێنی کۆچی ناچاری بەرەو ناوەند و گۆڕینی دێمۆگرافیی شارە کوردەکانی خێراتر کردووە، بەربەستی جیددی لەبەرانبەر هەر چەشنە سەرمایەگوزاری لە کوردستان و بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی دروست کردووە، سەڕەڕای نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی دەوڵەتی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، حکومەتی کۆلۆنیالیستی پێش بە سەرمایەگوزاریی کەرتی تایبەتیش بە بیانووگەلی جۆربەجۆر وەکوو نەبوونی ژێرخان و لۆجستیکی پێویست، کێشەی ئیداری، سنوور و کێشەی قەزایی لە کوردستان دەگرێت.

کوردستان بەرهەمهێنەری بەشێکی زۆر لە مەوادی خاو و کانزاییە بەڵام کەمترین ئاستی پیشەسازی لەنێو پارێزگەکانی ئێراندا هەیە، هەروەها لە بواری کشتوکاڵەوە پشکێکی مەزنی لە دابینکردنی گەنم و دانەوێڵەی ئێرانی بەردەکەوێ، بەهۆی نەبووی هەلی کار لە کوردستان بەشێکی زۆر لە کرێکارانی ناوەند دابین دەکات.

سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی ئێران لە دەمارەکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرن و بەشێکی زۆری ئەم ئاوە لە ڕێگەی کاناڵ و بۆرییەوە بەرەو ناوەندی ئێران ڕادەگوێزرێن، بەڕێوەبەریی ناتەندروست و ئیستعماری ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو لە درێژماوەدا، کوردستان بەرەو ڕووی قەیرانی ژینگەیی و ئاوی دەکاتەوە.

کەواتە بەپێی ئەو فاکت و بەڵگەگەلەی ئاماژەیان پێ درا کوردستان وەکوو کۆلۆنییەکی نێوخۆیی بۆ گەشەی ئابووریی ناوەندە بەکۆلۆنیکەرەکەی بەکار هاتووە.

 تێکدانی پێوەندیی نێوان کۆلۆنیکراو و بەکۆلۆنیکەر، بە دەستەبەرکردنی "سەروەریی سیاسی "بەدەست دێت کە باڵاترین شکڵی دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی، لە شکڵی "دەوڵەت- نەتەوە"دا خۆی دەردەخات، لە پێناسەی سەروەریدا هاتووە کە؛ سەروەری چۆنێتیی دارابوونی دەسەڵاتی باڵا و سەربەخۆیە بەسەر ڕووبەرێکی جوگرافیایی دیاریکراودا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.