کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر لەلایەن ناڕازییانی رۆژهەڵاتییەوە بەردباران کرا + وێنە

00:13 - 18 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە ناڕازییانی رۆژهەڵاتیی بەشدار لە پارکی شاندەری هەولێر، کۆنسووڵی رێژیمی ئێرانیان لە هەولێر بەرد باران کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، نزیکەی ١٠٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستانی رۆژهەڵات بە مەبەستی مەحکووم کردنی لە سێدارەدانی زیندانییانی سیاسیی کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە پارکی شانەدەری شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
هەواڵنێری کوردستان میدیا راشیگەیاند: ئەو خۆپیشاندانە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' دەستی پێکرد و پاشان کۆمەڵێک وتار و دروشمی پێوەندیدار بە مەحکوومکردنی لە سێدارەدانی لاوانی کوردستانی ئێران بە دەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، وترانەوە.
کۆمەڵێکی بەرچاو لە بەشدارانی ئەو خۆپیشاندانە لە نیوەی کۆبوونەوەکەدا ئاراستەی خۆیان بەرەو کۆنسوڵخانەی رێژیمی ئێران لە هەولێر گۆڕیوە و بە وتنەوەی دروشم و بەرد بارانکردن رق و بێزاریی خۆیان لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەربڕیوە.
خۆپیشاندەران ئاڵای رێژیمی ئێرانیان لەسەر کۆنسووڵخانەکەدا هێناوەتە خوارەوە و سووتاندوویانە و پاشان تابلۆی سەر درگاگەشیان هێناوەتە خوارێ و شکاندوویانە.
لە کاتی ئەو هێڕشەدا بەرپرسان و پێرسۆنێلی کۆنسووڵگەرییەکە خۆیانیان حەشار داوە و بەپێی دوایین زانیارییەکان هەتا ئێستا لە بینای کۆنسوڵگەریدا نەهاتوونەتە دەرێ.
لە کاتی ئەو رووداوەدا هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان چوونەتە شوێنەکە و هەوڵی پێشگیری لە هێرشی خۆپیشاندەرانیان بۆسەر کۆنسوڵخانەی رێژیمی ئێران داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و خۆپیشاندەران بەردەوام بوون.
هەواڵنێری کوردستان میدیا وتیشی: هەنووکە دەوروبەری کونسوڵخانە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەورە دراوە و رێگە بە کاناڵەکانی راگەیاندن و هەواڵنێران نادرێت کە رووماڵی رووداوەکە و بەدواداچوونی زیاتری بۆ بکەن.