کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفرانسێک بە بۆنەی بە ژینوساید ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە لە وڵاتی هولەند بەڕێوەچوو

13:18 - 30 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆنفرانسێک لە لایەن رێکخراوی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان (‌UNPO) لە ژێر ناوی ٢٥ــمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجه، بە ژینوساید ناسین وەکوو ئامرازێک بۆ پێشگیریی کردن لە دووپات بوونەوەی کارەسات لە شاری لاهەی وڵاتی هولەند بەڕێوە چوو.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وتاری کردنەوەی ئەم کۆنفرانسە لە لایەن عەبدوڵڵا حیجاب ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی UNPO و نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو رێکخراوەیە پێشکەش کرا.
عەبدوڵڵا حیجاب لە وتاری کردنەوەی کۆنفرانس‌دا لە سەر گرینگی پێکەوە ‌گرێدانی هەوڵە نێونەتەوەییەکان بۆ بە ژینوساید ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە رایگەیاند کە گەلی کورد بە بێ پشتیوانیی دوستان و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ ناتوانێ پشتیوانیی پێویست بۆ ناساندنی کارەساتی هەڵەبجه لە ئاستی نێونەتەوەیی وەکوو ژینوساید بە دەست بێنێ و هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە گەلی کورد بە بێ ژینوساید ناسینی ئەو کارەساتە هەمیشە لە مەترسیی دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو چەشنەدا دەژی.
ئامانجی سەرەكیی ئەو كۆنفرانسە بەهێزكردن و هاوئاهەنگ كردنی هەوڵە نێونەتەوەییەكان بۆ دانپێنانی وەڵاتان و كۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە ژێنۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال لە باشووری كوردستان بوو.

لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفرانسەدا باقی لەشكری لە كۆمیتەی هەڵەبجە، وەقفی دانانی ، لەتیف تالی لە فێدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانیەكان FED-KOM، كەیوان فەرامەرزی و دوكتۆر مەریوان قانع بابەتیان پێشكەش كرد و هەر كامیان باسێکیان لەو پێوەندییەدا پێشکەش کرد.


هەروەها پرۆفیسۆر ڤۆن در ویلت پسپۆڕی لێكۆلینەوەكانی ژینۆساید، عەبدوڵڵا حیجاب ئەندامی سەرۆكایەتیی UNPO، خاس ناسری چالاكڤانی یارسان و هەری ڤۆن بوومێل پارلمانتاری هۆڵەندی سەر بە حیزبی سۆسیالیست SP وتاریان پێشكەش كرد.

عەبدوللا حیجاب نوێنەری حیزب لە UNPO ، باسەكەی تەرخان دابوو بە ئازار و هیواكانی خەڵكی هەڵەبجە و لە باسەكەی دا داوای كرد كە هەم رێكخراوی نەتەوە و گەلانی بێ دەوڵەت، هەم سیاسەتڤان، پسپۆڕانی زانستی و هەم چالاكڤانانی مافی مرۆڤ و خەباتگێڕە كوردەكان هەوڵ بدەن كۆمەڵگای نێونەتەوەیی، بە تایبەت نەتەوە یەكگرتوەكان و وڵاتە خاوەن بەرژەوەندییەكان لە هەرێم‌دا بێننە سەر ئەو بڕوایە كە ئەم داخوازییانە جێ بە جێ بكات:

ــ گەلی كورد لە بەرامبەر هەر چەشنە هەڕەشەیەكی ئیحتیمالیی نێوخۆیی و دەرەكی بپارێزێ و لە هەموو كات و ساتێك دا ئاسایشی گەلی كورد مسۆگەر بكات.

ــ داوا لە حكوومەتی نوێی عێراق بكرێ قەرەبووی بنەماڵەی قوربانیەكانی كیمیاباران بكا و هەموو چەشنە یارمەتیەك بۆ بریندارەكان و ئەو قوربانیانەی كە لە بۆمباران رزگاربوون بەڵام هێشتا ئێش و ئازاری ئەو كارەساتە دەچێژن دابین بكات.

ــ پلانێكی بەرینی نێونەتەوەیی بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان و خاوێنكردنەوەی سروشتی كوردستان بە تایبەتی ناوچەی هەڵەبجە دەست پێ بكا و هەموو خراپكاری و وێرانكارییەكان چاك بكاتەوە.

ــ ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی نێونەتەوەیی بە چاوەدێری رێكخراوی تەندوروستیی جیهانی WHO یا رێكخراوەكانی دیكەی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان لە هەڵەبجە دابمەزرێنێ هەتا بە شێوەی سیستەماتیك لە سەر ئەنجامەكانی كیمیایی باران لە سەر ژیان و ژینگە كار بكات.

ــ كۆمیتەیەكی پسپۆرانی نێونەتەوەیی بواری یاسایی دابمەزرێنێ هەتا سەبارەت بەو تاوانانەی كە دەرهەق بە گەلی كورد لە عێراق كراون لێكۆڵینەوە بكا و بە ئەنجام بگات.