کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆمەڵەی کولتووریی کورد بەڕێوەچوو

16:23 - 18 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەو کۆمەڵەیەدا بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە نوروێژ کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی لە شاری ئۆسلۆ بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە بەڕێوەبرد و بەڕێوەبەریی نوێی هەڵبژارد.
ئەو کۆنفڕانسە بە سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و پاشان دەنگی بۆ رەوایی کۆنفڕانس وەرگیرا.
لە سەرەتای کۆنفڕانسی کۆمەڵەی کولتووری کورددا ریزبەندی بەرنامەکان لەلایەن \'\'ئەنوەر پوویا\'\'وە پێشکەش کرا و دوابەدوای ئەوەش \'\'مریەم عەلی‌پوور\'\' بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوروێژ پەیامی ئەو یەکیەتییەی خوێندەوە.
پاشان راپۆرتی کار و چالاکییەکانی نێوان دوو کۆنفڕانس لەلایەن \'\'هیوا ئەحمەدی\'\' بەرپرسی پێشووی کۆمەڵەی کولتوورییەوە خوێندرایەوە.
دواتر پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا و دوابەدوای خوێندنەوەی راپۆرتی ماڵیی کۆمەڵە، بەشداران را و بۆچوونی خۆیان لەسەر راپۆرتی گشتی و ماڵی خستەڕوو و پاش دەنگدان راپۆرتەکە پەسند کرا.
لە کۆتایی ئەو کۆنفڕانسەدا ٥ کەس وەکوو بەڕێوەبەریی نوێی کۆمەڵەی کولتووریی کورد هەڵبژێردران.