کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسێک بۆ ئەحمەد شەهید و شیرین عیبادی لەلایەن KMMK – Gـەوە بەڕێوەچوو

13:42 - 23 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، کۆنفرانسێکی بە بەشداریی ئەحمەد شەهید و شیرین عیبادی لە رێکخراوی نەتەوه ‌یەکگرتووەکان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی رەشەمە کۆمەڵەی مافی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، کۆنفڕاسێکی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان بۆ دوکتور ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆکاروباری مافی مرۆڤ و شیرین عیبادی براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێڵ، پێک هێنا.
ئەم کۆنفڕانسە هاوکات بوو لەگەڵ ٢٢ـەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان.
کۆنفڕانسەکە لەلایەن تەیموور ئەلیاسی و دوکتور کارن پارکر بەڕێوەچوو.
تەیموور ئەلیاسی بەرپرسی کۆمەڵەی مافی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ لە کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا ئاماژەی بە ئێعدامی بەردەوامی چالاکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، پرسی مین لە کوردستان، گرتنی رۆژنامەنووسان و کوشتنی کۆڵبەرانی کورد کرد.
پاشان شیرین عیبادی لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەربەخۆ نەبوونی دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران دوا و لەسەر پێشێل کرانی مافی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب، ئازەری و تورکمان، وتی: رێژیم بە ئەنقەست ئەو ناوچانەی لە باری ئابوورییەوە لە دواکەوتووییدا راگرتووە، بە شێوەیەک کە رێژەی بێکاری لەو ناوچانەدا زۆر بەرز بووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسەدا رێپۆرتاژێکی تەلەفزیۆنی لەسەر کێشەی کۆڵبەرانی کورد پیشان درا.
پاشان ئەحمەد شەهید باسی لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان کرد و رایگەیاند کەلە درێژەی کارەکانیدا بەشێکی تایبەت بە دۆسیەی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا دەکاتەوە و لەسەر زیندانیانی سیاسی و دەسبەسەرکردنی رۆژنامەنووس و تێکۆشەرانی کورد و ژیانی کوڵەمەرگیی کۆڵبەران و پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان زیاتر کار دەکا.

خانمی پانیتا لە رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران راپۆرتێکی لەسەر دەسبەسەر کردنی رۆژنامەنووس و تێکۆشەرانی بواری مەدەنی و زیندانیانی سیاسی و ئیعدام کردنی خەڵکی نەتەوەکانی ئێران بە تایبەت کورد پێشکەش کرد.
لەم کۆنفرانسەدا چەندین هەیئەتی نوێنەرایەتیی وڵاتان لەوانە نوروێژ، بریتانیا و سویس و هەروەها رادەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی بواری مەدەنی و کەسایەتیی نێونەتەوەیی و ئێرانی و کورد لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بوون و هەروەها چەندین رێپۆرتێری یوئێن و میدیاکانی سویس و لایەنەکانی دیکە و تیشک تی‌ڤی، هەواڵ و رێپۆرتاژیان لە کۆنفڕانسەکە ئامادە کرد.

4026.jpg


کونفرانسەکە بە فەرمی لەلایەن رۆژنامەی هاووڵاتی و تەلەفزیۆنی تیشکەوە سپۆنسەر کرابوو.
ئەمە یەکەمین جارە کە دوو کەسایەتی نێونەتەوەیی لە بواری مافی مرۆڤدا، ئەحمەد شەهید و عیبادی لە کۆنفڕانسێکی رێکخراوەیەکی مافی مرۆڤی کوردیدا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشداری بکەن.