کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەبوودوەند: دەوڵەتەکان و کۆمەڵگاکان بۆ دابین کردن و پاراستی مافی ژنان هەونگاو هەڵێنن

22:01 - 16 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: محەممەد سەدیق کەبوودوەند بەرپرسی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
نوسخەیەک لەو پەیامە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە،کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمە و باقی وڵاتانی جیهاندا، ژنان بەرەوڕووی نابەرابەریی یاسایی بوونەتەوە، هەڵاواردنی بەربڵاو لەدژی ژنان بە رەوا دەبینن و هێشتاکە لەمپەرگەلێکی فراوان لەبەردەم بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی بوونی هەیە. هەنووکە ژنانێکی زۆر لەگەڵ هەژاری و دەست کورتی لە بواری دەسڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی پزیشکی و بێهداشتی، ئامووزشی و کار و زۆربەیان لەگەڵ نەبوونی تەناهیی ماددی و جەستەیی بەرەوڕوون. ئەمانە و سەدان شتی دیکە لە پەرۆشییە سەرەکییەکانی ژنان و کۆمەڵگای داکۆکیکاران و بەرگریکارانی مافی ژنانە.
ئەمساڵیش هەر وەکوو ساڵانی رابردوو، ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان دێتەوە و ئێمەش وەکوو هەمیشە تەنیا دەتوانین ئارەزووەکانمان دووپات بکەینەوە: ئەوەی کەلە کوردستان، سنووری ئێران، لە رۆژهەڵاتی ناڤین و لە گۆشە و کەنارەکانی جیهاندا، هەرچی زووتر توندوتیژییەکان لەدژی ژنان وەکوو توندوتیژیی نێو بنەماڵە و توندوتیژی بەهۆی دەمارگرژیی مەزهەبی و ئێتنیکی و خێڵەکی، رابگیردرێت و بێ‌مافیی ژنان و هەڵاواردنی رەگەزی لە هەموو بوارەکاندا کۆتایی پێ بێت، ژنان دەستیان بە ماف و پێگەی یەکسانیان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان رابگات. پاشانیش داوا لە دەوڵەتی ئێران و باقی دەوڵەتەکانی دەکرێت، بە پەیوەست بوون بە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و دەروەست بوون بەم پەیماننامانە، مافی ژنان لە هەموو بوارێکەوە دابین بکات و بیانپارێزێت و کۆمەڵگاکانیش رێز بۆ مافەکانیان دابنێن و پاڵپشتییان لێ بکەن.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند
تاران، زیندانی ئێوین
١٦ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی