کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەبوودوەند لە نامەیەکدا، خوازیاری راگرتنی پێشلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران دایە

17:14 - 7 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: محەممەد سەدیق کەبوودوەند له نامەیەکدا، خوازیاری بەکارهێنانی رێکارێکی کاریگەری نێودەوڵەتییە هەتا پێش بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بگیردرێت.
لەو نامەیەدا کە نوسخەیەکی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، بەرپرسی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وتوویەتی: لە ناوەڕۆکی راپۆرتی ئەحمەد شەهید راپۆرتێری تایبەتیی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران ئاگادارییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام وروژاندنی پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران، جێی گرینگییەکی تایبەتییە.
محەممەد سەدیق کەبوودوەند دەڵێ: دەستدرێژی و پێشێڵ کردنی مافە سەرەتایی‌یەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە ئێراندا بە درێژایی چەندین دەیە، ساڵ، مانگ و رۆژ، حاشا هەڵنەگرە و هیچ پاساوێکی بۆ نییە و لەو روانگەوە کە رەوتی هەڕەشەی پێشێلکاریی بەربڵاو و یان وەرگرتنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک، هەتا ئەمڕۆ رانەگیراوە و بگرە زیادیشی کردووە، لەو بارەشەوە کە هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕ و چاکسازییەکی بەرچاو لە هەڵسوکەوتی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نەهاتووەتە ئاراوە، هەر بۆیە پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی جیدی، زیاتر خۆی دەنوێنێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە، چاوەڕوان دەکرێ کە رێوشوێنی گونجاوی نێودەەوڵەتی و ویژدانی بە ئاگای کۆمەڵگای جیهانی وێڕای چاودێریی بەربڵاوی جیهانی بەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ، پاڵنەر بێت بۆ راگرتنی رەوتی پێشێلکاریی ئاشکرا و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران.