کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرفتی ئاو و ئاوەڕۆ لە بۆکان هاووڵاتییانی شەهرەکێکی وەزاڵە هێناوە

13:51 - 30 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ سەرەڕای وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتییان، خزمەتگوزارییەکانی جێبەجێ ناکات کە ئەمەش کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

ماوەی دوو مانگە بەهۆی کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی رێژیمی لەو شارە، تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی شەهرەکی گوڵستان لە بۆکان تووشی گرفت بووە و بۆنی فازڵاو، خەڵکی ئەو شەهرەکەی وەزاڵە هێناوە.
کۆبوونەوەی باران لە وەرزەکانی پاییز و زستان لە قووڵکەکان و نەبوونی تۆڕی تایبەت بۆ دەرچوونی ئاو و ئاوەڕۆ، خەڵکی شەهرەکی گوڵستانی شاری بۆکانی لەگەڵ ئاریشە بەرەوروو کردۆتەوە و پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمییەکانی لێپرسراوانی رێژیمی ئێران ئەو ئاریشەی زیاتر کردووە.
هاوڵاتییەکی شاری بۆکان لەو پێوەندییەدا وتوویەتی: ئاو و ئاوەڕۆی شەهرەکی گوڵستان پەیوەست بە تۆڕی گشتیی شارەوە نییە و رێکخراوی ئاو و ئاوەڕۆ، سەرەڕای وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتییان، هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ هاووڵاتییان ئەنجام نادات.

لەو پێوەندییەدا سایتی زریان بڵاوی کردەوە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕی شاری بۆکان، هاووڵاتییانی شەهرەکی گوڵستان بەناچاری ئاوەڕۆی خانووەکانیان پەیوەست بە شەبەکەی شارەوە کردووە، بەڵام بەهۆی پەنگ خواردوویی، گەڕاوەتەوە ناو کۆڵانەکان و بۆنێکی یەکجار زۆر و ناخۆشی دروست کردووە.
کۆبوونەوەی ئاوەڕۆی نێو شارەکان، جگە لە بۆنی پیس، لە بواری تەندروستیشەوە مەترسیدارە و نەخۆشیی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە.
ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستووەتە روو کە ئەو گرفتە تایبەت بەو گەڕەکە نییە و ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتووشدا بەرۆکی تێكڕای هاووڵاتییانی شەهرەکی گوڵستان بگرێتەوە.