کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی شاخەوانی و مامۆستای قوتابخانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات رێزیان لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە گرت

20:50 - 26 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: گرووپی شاخەوانی زاگرۆس کە ژمارەیەکیشیان مامۆستای قوتابخانەن، لە شاری پاوەوە بە مەبەستی بەشداریی کردن لە رێوڕەسمی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەپێ‌ئەو رێگایەیان بڕی.
نوێنەری گرووپی شاخەوانیی زاگرۆس بە ماڵپەڕی سبەی راگەیاندووە، ئێمە بە مەبەستی هاوخەمی و هاودەردی دەربڕین، لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان ئەو رێگایەمان بڕیوە.

سەرلەبەیانی رێکەوتی ٢٦‌ی رەشەمە رێوڕەسمی یادکردنەوەی ٢٥ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری کونسوڵخانەکانی وڵاتانی بیانی و کەسایەتییە فەرهەنگی ــ سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

4070.jpg
گرووپی شاخەوانیی زاگرۆس


رێکەوتی ٢٦‌ی رەشەمەی ساڵی ١٣٦٦‌ی هەتاوی فڕۆکە جەنگییەکانی رێژیمی بەعس ناوچەی هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانیان بۆمباران کرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥ هەزار هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا.

دوو رۆژ بەر لەو هێرشە هێزەکانی رێژیمی بەعس بە بەردەوامی ناوچەی حەڵەبجەیان تۆپباران کردبوو و دواتریش بە چەکی کیمیایی گازی خەردەڵ هێرشیان کردە سەر خەڵکی ئەو شارە.
دوای تێپەڕینی ٢٥ ساڵ لەو کوشتارە زۆربەی خەڵکی شاری هەڵەبجە و دەوروبەریی بەهۆی بەرکەوتنی ئەو مادە کیمیایە تووشی سەرەتان بوون.
دوو مانگ بەر ئێستا پارلمانی سوێد ئەو کوشتارەی هاووڵاتییانی هەڵەبجەی بە ژینۆساید ناساند.