کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گشتاپۆکانی سپا فەزای شارەکانیان میلیتاریزە کردووە

16:35 - 27 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران و یەک لەوان تاران بە هێزی گشتاپۆی سپای پاسداران تەنراون.

ڕۆژنامەی کیهان لندن لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە پۆلیسی‌ترکردنی فەزای شارە گەورەکانی ئێران بەتایبەت شاری تاران کردووە و نووسیویەتی: تاران ڕواڵەتێکی تەواو ئەمنیەتی بەخۆوە گرتووە و شەو و ڕۆژ هێزە لیباس شەخسییەکان و بەسیج لە گەڕەکەکانی ئەم شارەدا سەرقاڵی گەڕان و پشکنینن.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: گەڵاڵەی گەورەی حەماسەی خزمەت و ئەمنیەت کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە داڕێژراوە و دەزگای بەسیج کراوەتە جێبەجێکاری گەڵاڵەکە، هاوشێوەی هێزەکانی گشتاپۆ لە سەردەمی هیتلێرە؛ گشتاپۆ باسکی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەتی نازی سەبارەت بە پرسە ئەمنیەتییە نێوخۆییەکان بوو کە لە ژێر چاودێری ئێس‌ئێس ئەرکی سەرکوتی دژبەران و بەرەنگاربوونەوەی جیابیرانی لە ئەستۆ بوو.

ئێس‌ئێس کورتکراوەی دەستەواژەی ئاڵمانی Schutzstaffel (سچووتز ستافێڵ)ە کە دەقاودەق بەمانای سپای پاسدارانە!

لەم گەڵاڵەی ڕێژیمدا گرووپی ٣ تا ٥ کەسی بەسیجی کە خولی تایبەتی لێدان و ئازاردانی خەڵکییان بینیوە، بە نێو شارەکاندا دەسووڕێنەوە و لێپرسینەوە لە خەڵک دەکەن.

ئەم هەڵسوکەوتەی ڕێژیم هەرچەند لە شارەکانی کوردستاندا پێشینەیەکی کۆنی هەیە، بەڵام لە شارە گەورەکانی ئێران پاش اختیار بە آتش ی خامنەیی و بڕیاری سازکردنی گەشتی تایبەتی سپا دێتە ئاراوە کە ئامانج لێی، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیابیران و دژبەرانی ڕێژیمە.

ئەگەرچی وەزارەتی نێوخۆ، دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەم بڕیارەی سپای پاسداران دەربڕیبوو، بەڵام سپا بە پشتگیری وەزارەتی ئیتلاعات و لەژێر ڕێنوینییەکانی عەلی خامنەیی بۆ هەرچی زیاتر سەربازی کردنی شارەکان، پەلەقاژەکانی وەزارەتی نێوخۆی بەهەند وەرنەگرت و بێ ئەوەیکە هیچ بایەخێک بۆ وەزارەتی نێوخۆ دابنێ، گەڵاڵەکەی خۆی بردە بواری جێبەجێ کردنەوە.