کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیرۆدەبوون بە ماددەسڕکەرەکان لەزانکۆکانی ئێراندا لەئاستێکی مەترسیدار دایە

18:17 - 21 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: ئاماری خوێندکارانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێران رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە زیادبوون دایە و ئەوەش مەترسییەکی جیددیە بۆسەر توێژی خوێندکار لەزانکۆکانی ئێراندا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسێکی بەرنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکانی رێژیم رایگەیاندووە، لەسەدا ٩ی کوڕان و لەسەدا ١١ی کچانی خوێندکار لەزانکۆ دەوڵەتییەکان ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن.

ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە، زیاتری خوێندکاران جۆری ماددەی حەشیش و کۆدۆئین بەکار دێنن و ئاماری گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە زانکۆکانی ئێراندا جێگای نیگەرانییە.

ئەو بەرپرسەی رێژیم لەدرێژەدا رایگەیاندووە لەسەدا ٧٦ی خوێندکارانی زانکۆ دەوڵەتییەکان ئیمکاناتی خوێندنیان نییە ئەوەش هۆکارێکە کە تووشی ماددە سڕکەرەکان دەبن.

هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری بەرپرسێکی رێژیم بڵاوی کردووەتەوە کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرەکیترین هۆکاری راکێشانی خوێندکاران بۆ تووشبون بە ماددە سڕکەرەکانن.

سەرۆکی رێکخراوی بێهزیستی ئێران لەو پێوەندییەدا رایگەیاندووە، لەسەدا ٥٧ی ئەو کەسانەی ماددە سڕکەرەکان بەکاردێنن کاریان هەیە کە لەو رێژەیە لەسەدا ٦٤یان ئاستی خوێندەواریان دیپلۆم و لەسەدا ٢١ی ئەو کەسانەش بڕوانامەی کارناسیان هەیە.

بەپێی ئامارەکان لەساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا لەکۆی حەشیمەتی ١٥ هەتا تەمەن ٦٤ ساڵ لەئێراندا ٢ لەسەر ٥٦یان گیرۆدە بە ماددە سڕکەرەکانن.

رێژەی لاوانی تووش بوو بە ماددە هۆشبەرە سەنعەتییەکان لە ئێران و گیان لەدەستدان بە هۆی بەکارهێنانی ئەم ماددە هۆشبەرەانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە توندی رووی لە زۆر بوون کردووە.

ئامارەکانی رێکخراوی پزشکیی یاسایی باس لەوە دەکەن کە رۆژانە لانیکەم ١١ کەسی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان گیانیان لەدەست دەدەن.

لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، دوو هەزار و ٩٥٧ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێران گیانیان لە دەست داوە کە لە ئەم ئامارەدا ٢ هەزار و ٧٢٧ کەس پیاوان و ٢٣٠ کەسیان ژنان پێکیان هێناوە.