کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتالیا/ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان لە دژی تێرۆریزم لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە

21:12 - 22 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ بۆلزانۆی ئیتالیا، خۆپیشاندانێکی دژ بە کردەوە تێرۆریستیەکەی وڵاتی فەرانسە رێک خست.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆلزانۆی وڵاتی ئیتالیا، دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، خۆپیشاندانیکی دژ بە کردەوە تیرۆریستیەکەی وڵاتی فەرانسە و تێرۆر و تێرۆریزمی جیهانی بەڕێوە برد.

راپۆرتی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە لایەنێکیتری ئەم خۆپیشاندانە، مەحکووم کردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بوو.

یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم خۆپیشاندانە بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: دوابە دوای تێرۆری چەندین رۆژنامەوانی وڵاتی فەرانسە لەلایەن تێرۆریستانەوە، تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێویستی زانی وەک حیزبێک کە قوربانییەکی تێرۆریزمی دەوڵەتییە و چەندین ساڵە خەبات بۆ لە ناوبردنی تێرۆر و وەدیهاتنی ئاشتی و دێموکراسی دەکات، خۆپیشاندانێک بۆ دووبارە مەحکووم کردەوەی تێرۆریستانی رێژیمی ئیسلامی و رەخنەیک لە هەمبەر کەم تەرخەمی وڵاتانی ئورووپایی دەرهەق بە تێرۆری ناجوانمیرانەی رێبەرانی ئاشتیخوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لەلایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام درابوو هینا بەر باس و لە هەمان کاتدا بۆ مەحکووم کردنی ئەم کردەوە تیرۆریستیەی کە لەلایەن گروپێکی ئیسلامیی رادیکاڵەوە ئەنجام درابوو دەنگی ناڕەزایەتی خۆی وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئیتالیا خستە پاڵ هاووڵاتیانی وڵاتی فەرانسەوە.
شارەداری شاری بۆلزانۆ، لوچی سپانیۆڵی و چەندین کەسایەتی پایەبەرزی ئەم شارە و بەرپرسی رێکخراوی پەنابەران، نوێنەری کلیسای ئەم شارە و چەندین هاووڵاتی فەرانسەیی نیشتە‌جێ لە وڵاتی ئیتالیا و چەندین رێکخراوی ئاشتیخواز و کەسایەتی سەربەخۆ و بە دەیان رۆژنامەوان و تی ڤی ئیتالی و ئاڵمانی لەم خۆپیشاندانەدا بەشدارییان کردبوو.

لە دەستپێکی ئەم خۆپیشاندانەدا محەممەد وەیسی بەرپرسی گشتیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم وڵاتەدا وێڕای بەخێرهاتن و بەرز نرخاندنی بەشداریی بەشداربوان وتارێکی بە زمانی ئیتالیایی لە هەمبەر مەحکووم کردنی تێرۆر پێشکەش کرد کە سەرنجی بەشداربوانی بەلای گەلی کورددا راکێشا.

وەیسی لە درێژەی وتارەکەیدا وێڕای مەحکووم کردنی ئەم کردەوە تێرۆریستیەی کە لە وڵاتی فەرانسە لەلایەن گروپیکی تێرۆریستی ئیسلامییەوە دژ بە رۆژنامەوانانی ئەو وڵاتە روی دابوو ئاماژەی بە تێرۆری رێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ،هەر یەک لە شەهیدان د.عەبدولڕەحمان قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانیان کە لە پێناو ئاشتی و ئازادی و هەوڵدان بۆ وەدیهاتنی دێموکراسی لە ناوەندیی ئۆرووپا کرد و بۆ جارێکی دیکە ئەو کردەوە تێرۆریستیەی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کردەوە .

لە کۆتاییدا بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم وڵاتەدا ئاماژەی بە شەڕی دژە تێرۆری هێزی پێشمەرگە لە کوردستان کرد و داوای لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکایی بە گشتی و وڵاتی ئیتالیا بە تایبەتی کرد کە یارمەتی دەری هێزی پێشمەرگە بن بۆ بەرەنگاربونەوە لە دژی تێرۆر بۆ بنبڕکردنی تێرۆریستان.

هەر لە درێژەی ئەم خۆپیشاندانەدا، لوچی سپانیۆلی شارەداری شاری بۆلزانۆی وڵاتی ئیتالیا، وێڕای بەرزنرخاندنی رێکخستنی ئەم خۆپیشاندانە و بە چەندین جار دەست خۆشی لە بەڕێوەبەران؛ ئاماژەیەکی گرینگی بە خەباتی دژە تێرۆری گەلی کورد بە گشتی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە هاووڵاتیانی کورد لە دەرەوەی خاکی وڵات خۆشیان دژ بە تێرۆر و مەحکووم کردنی تێرۆریسم هەڵوێست دەنوێنن.

لە کۆتایدا چەندین وتار لەلایەن هەر یەک لەم رێکخراوانەوە پێشکەش کران:

رێکخراوی پەنابەران لە شاری بۆلزانۆ؛ خاتوو پاولا کەربەلال
- نوێنەری کلیسای بۆلزانۆ؛ خاتوون کەرین
- و رێکخراوی گەنجانی ئیسلامی لەم وڵاتەدا
- و چەندین هاووڵاتیی دیکە