کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

13:31 - 1 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی رەشەمە، رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.


دەقی ئەو بەیاننامەیە کە نوسخەیەکی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:
لەو ساتەوە کە زمانی دیوانیی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێرانی لانکەی فرەچەشنی، پۆتینی بۆ قەڵاچۆ و یەکدەست کردنی جیاوازییەکان هەڵکێشا و زمانی پێکەوە هەڵکردنی نالی و حافیز و فارابی و سوهرەوەردی بەرگی ژاندارمێکی سەرەڕۆی لەبەر کرد و لە قامەتی ئەودا گوند بە گوند و شار بە شار لەگەڵ شریخەی چەک و زەبری قامچی، تەنگی بە هەناسەی ئازادی فەرهەنگ و زمانە رەسەنە نەتەوەیی‌یەکان لە چوارگۆشەی شارستانییەتی بەڵالێدراوی ئێراندا هەڵچنی، نەمامی پێکەوە هەڵکردن و دانووستانی فەرهەنگی کە فاکتەرێکی بنەڕەتی بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی شارستانییەت و زاڵ بوونی هزر و ئاوەز و رۆشنبیری بەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان و کۆمەڵە مرۆیی‌یەکان لە دۆخێکی تەندروست و دادپەروەرانە دایە، کەوتە بەر تەوژمی رەشەبای نگریسی ئاپارتاید، سانسۆر، رەشبینی و خۆبەزلزانی. لێرەوە بوو کە دەروازەکانی لێک تێگەیشتنی سەردەمیانە، بە زنجیری شۆڤینیزم و زاڵخوازی و ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی و زمانی داخرا.
زمانی دایکی کۆڵەکەی سەرەکیی گەشەی هزری و پەروەردەی سەردەمیانەیە و خوێندن و نووسین بەو زمانە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن و هەموو بوارەکانی ژیان و زانستدا مافی سەرەتایی هەر تاک و نەتەوەیەکی ئەم جیهانەیە.
یەکێک لەو مافە بنەڕەتییانەی کە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەروەها بزووتنەوەی گەلانی ستەم لێکراوی ئێران لە ماوەی چەندین دەیە خەباتی خوێناویی مافخوازانەی خۆیان لە پێناوی دەستەبەر بوون و بەدیهاتنیدا لێبڕاوانە تێکۆشاون، مافی خوێندن و بە فەرمی کردنی زمانی دایکیی نەتەوە ستەم لێکراوەکانی وەکوو نەتەوەی کوردە کە دەتوانێ بنەماکانی شوناس و شارستانییەتی سەربەخۆی نەتەوەکان و گەشەپێدانی ئاوەزی تاکەکان لە کۆمەڵگادا جێگیر بکات و لە رێگەی بەهێز کردنی کەسایەتیی تاک و کۆوە هەستی باوەڕبەخۆ بوون و توانای بەشداری کردنیان لە پرۆسەی بەجیهانی بووندا زیاتر بکات.
مەخابن، ئەم هەوڵە رەوایە و ئەم خەباتە فەرهەنگی و مەدەنییە کەلە ئەگەری هەڵسوکەوتی مرۆیی و سەردەمیانەی دەسەڵاتەکانی ناوچەدا دەیتوانی هەوێنی پێشکەوتن و سەرکەوتنی ناوچەکە بەرەو ئازادی، دادپەروەری، ژیار و بەختەوەریی گەلان بێت، لەژێر کاریگەریی تێڕوانینی فاشیستی و کرداری شۆڤینیستی و تونداژۆیانەی دەسەڵاتەکاندا، تێکەڵ بە رەوتی خەباتێکی خوێناویی درێژخایەن لە پێناوی دەستەبەر بوونی کۆمەڵێکی دیکە لە مافە سیاسی و مرۆیی‌یەکاندا بوو و زمانی دایکی وەکوو بناغەی کەسایەتیی نەتەوەیی، کەوتە بەر هێرشی سیستماتیک و بەربڵاوی تۆڕێکی هاوئامانجی پێکهاتوو لە هێزە نەرم و سەختەکان.
لەوەها بارودۆخێکدا، چالاکانی فەرهەنگی و بەتایبەتی خوێندکارانی کورد هەمیشە و بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا توێژی پێشەنگی خەبات لە پێناوی گەڕاندنەوەی شوناس و کەسایەتیی زەوت کراوی نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا بوونە و هەوڵەکانیان بۆ جێگیر کردنی زمانی دایکی لە رەوتی پەروەردەدا جێگای شانازییە.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش وەکوو هەڵگری ئاڵای بەشێک لەو رەوتە پڕسەروەرییە بەبۆنەی ٢ی رەشەمە، رۆژی جیهانیی زمانی دایکی، خەبات و تێکۆشانی پڕ هەوراز و نشێوی هەموو چالاکانی ئەم بوارە لە رابردوو و ئێستا و داهاتووی نەتەوەکەماندا بەرز دەنرخێنێ و درێژە دانی ئەم رێگایە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، بە ئەرکێکی پیرۆز بۆ دەستەبەر بوونی مافێکی رەوا دەزانێت.


یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
رەشەمەی ١٣٩١