کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا و فەڕانسە پیتاندنی ئورانیۆم لە دامەزراوەی نەتەنزیان مەحکووم کرد

13:33 - 14 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا و فەڕانسە نیگەرانیی خۆیان لەهەمبەر گەشەپێدانی پیتاندنی ئورانیۆم لە دامەزراوەی نەتەنز دەربڕی.
وتەبێژی کاترین ئاشتۆن، نوێنەری سیاسەتی دەرەکیی یەکیەتیی ئورووپا و هەروەها نوێنەری شەش وڵاتی زلهێزی جیهان بۆ دانووسانی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، نیگەرانیی توندی خۆی لە گەشەپێدانی پیتاندنی ئورانیۆم لە دامەزراوەی نەتەنز دەربڕی و بە پێشل کردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لەقەڵەم دا.
وتەبێژی کاترین ئاشتۆن وتی: بەوپەڕی نیگەرانییەوە ئاگادار کراوین کە رێژیمی ئێران ئاژانسیی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی لە دامەزرانی سانترفیووژی نوێ لە دامەزراوەی نەتەنزدا ئاگادار نەکردووەتەوە.
ئەم دیپلۆماتکارە وتیشی: رێژیمی ئێران بەم کارە توانایی نیزامیی خۆی لە بواری پیتاندنی ئورانیۆمەوە زیاد دەکات و ئەمەش پێشل کردنی ئاشکرای رێککەوتنە نێوەدەڵەتییەکان لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوەیە.

لە لایەکی دیکەشەوە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەڕانسەش، گەشەپێدانی ئورانیۆم لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە کاتێکدا کە لەگەڵ گرووپی ٥ + ١ لە وتووێژ دان، بە نیشانەیەکی نەرێنی و دڵسارد کرەوە لەقەڵەم داوە.
وتەبێژی وەزارەتی درەوەی فەڕانسە وتیشی: ئەم کردەوەی تاران بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئەو رێژیمە بانگەشەی دانووسانی بەپەلە سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکەی دەکات.
دەوڵەتی ئەمریکاش رۆژی رابردوو پەرەپێدانی پیتاندنی ئورانیۆم لە دامەزراوەی نەتەنزی بە کردەوەیەکی هەڵخرێنەرانە لەلایەن تارانەوە وەسف کردبوو.