کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتیی دێمۆكراتیكی خوێندكارانی كورد بەیاننامەیەكیان لەپێوەندیی دەسبەسەر كرانی خوێندكاران بڵاو كردەوە

15:06 - 30 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: لەبەیاننامەكەدا هاتووە، زیندانی و تۆمەتباركردنی كەسانی تێكۆشەر و چالاك هەمووی سەلمێنەری ئەوەیە كە سیستم و چوارچێوەی كۆماری ئیسلامی دژ بە هەر كردەوەیەكی مرۆڤانەیە.

نوسخەیەك لەبەیاننامەی یەكیەتیی دێمۆكراتیكی خوێندكارانی كورد بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی بەیاننامەكە:

مێژووییەكی نوێ لە رێدایە بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگایەك كە ئاواتە خوازی بووین


دەسپێكردن و پەرەپێدان بە ئاڵۆز كردن و قەیراناوی بوونی بارودۆخی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی دژبە داوا و ئاوات و ئیرادەی خەڵك و پێشێلكردنی ماف و دەنگی تەواوی چین و توێژەكان لە ئێران و بەتایبەت لە كوردستان، بەند كردن و دەسبەسەركردنی ئینسانە مافخوازەكان و ئازادیخوازەكان و چەوسانەوەی رۆژ بە رۆژی ژیانی خەڵكی زەحمەتكێش و بەژهراوی كردنی بژێوی ژیانیان هەتا بەرەو مەرگێكی ناڕاستەوخۆ، زیندانی و تۆمەتبار كردنی ژنانی تێكۆشەر و چالاك هەموو سەلمێنەری ئەوەیە كە سیستم و چوارچێوەی كۆماری ئیسلامی دژ بە هەر كردەویەكی مرۆڤانە و مافخوازانەیە و بۆ سەركوت و كپكردنی هەر چەشنە چالاكییەك و پراكتیكێك كە بەرژەوەندی و بە وتەی خۆیان ئینقلاب دەخاتە مەترسییەوە لە هیچ رێگا و دەستگایەك لە ژێر سێبەری ئیدئۆلۆژی و مەزهەب و یاسایەكی خەڵك خڵەتێنەر و وشەیەك بە ناوی مەشرووعیەت كۆتایی ناكات و هەتا دوارۆژی مانەوە و دەسەڵات دارییەتی نە تەنیا ئیدامە دەری ئەم رەوتە و رەوشتەیە بەڵكوو هەروەها روونبۆتەوە بە شێوازێكی توند وتێژانە درێژەدەری ئەم سەركوت و چەوسانەوە و كوشتن و بڕینەیە.
سەرهەڵدانی یەك لە دوای یەكی بزووتنەوەی خەڵكی دژ بە دیكتاتۆرییەت و زوڵم و زۆر لە وڵاتانی عەرەبی وەك باكووری ئەفریقا توونس و لیبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست میسر و تێكەڵچوونی بارودۆخی سووریە وەك هاوپەیمان و دۆستی كۆماری ئیسلامی و سەرەكیتر لەمانە قەیرانی ئابووری و درێژكردنەوەی تەحریم و تێكچوونی نێوان سەرانی رێژیم و مەجلیس و دەوڵەت وەك نیشاندەری بۆشایی و تێكەڵچوونی بنەڕەتی دەسەڵات دارانی ئەم رێژیمە ترسێكی خستۆتە دڵی زلهێزانی رژیم و هەر بەم هۆیەوە بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانی كۆبوونەوەكانی خەڵك لە سەر شەقام و شوێنی كار و زانكۆكان دەستی داوەتە بەر شەپۆلی دەسبەسەر كردنی چالاكان و رۆژنامەنووسان...و هتد، كە دەتوانین ئەم هەوڵانەی كۆماری ئیسلامی لەم كاتە هەستیارەدا وەك تاكتیكێك بۆ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری سەیری بكەین و خوێندكاریش بە هۆی خۆ بە بەرپرس زانی داواكاری ماف بۆ كۆمەڵگای خۆی، وەك بیرێكی ئاگا وهۆشیار خۆی بە بەرپرس دەزانێ، ئەوەشی بە كردەوە سەلماندووە كە لە ئاست ئەم هەڵسووكەوتانەی دەسەڵاتدا بێدەنگ نەبووە و بە خەبات و تێكۆشانی زۆربەی كاتەكان ئاڵا هەڵگری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژ بە سیستەمی سەركوت بووە و هەڵوێستی هەبووە و هەر بۆیە خوێندكاریش لە شەپۆلی سیستمی سەركوت جیاواز و بەری نەبووە.
دەسبەسەر كردنی ٤ خوێندكاری كورد بە ناوەكانی سامان مەحموودی، سۆران دانشوەر، داود قەسیمی و محەممەد كۆنەپۆشی لەلایەن دەسەڵات دارانی كۆماری ئیسلامیەوە لە رۆژی 10ی ڕێبەندان سەلمێنەری پاوانخوازی و رەشبگیری دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیە دژ بە كۆمەڵگای كوردستان و بەتایبەتی چینی خوێندكار و لەهەمان كاتدا دەتوانین وەك بەڵگەیەك بۆ نیشان دانی ترسی دەسەڵات لە خوێندكار و چالاكانی خوێندكاری و داخوازی و خواستەكانی خوێندكاران ناوی لێببەین و وەك مەترسییەكی گەورە بۆ دەسەڵات بێت كە درێژەدانی ئەم رەوتە لە دەسبەسەركردن و گوشار بۆ سەر چالاكانی كۆمەڵگای مەدەنی ئاماژەیەكی باشە بۆ كۆتای هاتنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان و ئێران و بە گشتی لە جیهانە بۆ بەری بوون لە زوڵم و چاوسانەوە.
هەر بەم بۆنەوە یەكیەتیی خوێندكارانی دێمۆكراتیكی كورد بە مەحكووم كردنی دەسبەسەركرانی ئەم ٤ خوێندكارە و بردنە ژێر پرسیاری سیاسەتی رژیم لە بەرانبەر چالاكان و تێكۆشەران و خوێندكاران و بێبەش كرانی خوێندكاران لە خوێندن و راگواستی ئەوان لە شوێنی خوێندنیان بۆ شوێنێكی تر و راگرتنیان لە بەندە تاكەكەسیەكان و زیندانی كردنیان، خوازیاری ئازادی ئەم خوێندكارانە و هەموو چالاكانی خوێندكارییە و داوا لە خەڵكی كوردستان، چالاكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ دەكەین لە ئاست ئەم دەسبەسەركردنانەدا بێدەنگ نەبن و هەر كەسە و لە جێگای خۆی هەوڵوێستی خۆی دەرببڕێت.

یەكیەتیی دێمۆكراتیكی خوێندكارانی كورد
٣٠ی رێبەندانی ساڵی 1391ی هەتاوی