کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرانی ئاخووندی، ملکەچی پووتین

23:32 - 22 خاکەلێوه 2722

سندووس

لەدوای هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤییەت و دوای بوریس یەلتسین و دێمیتری مێدوێدۆف، ڤێلادیمێر پووتین کە پەروەردەی K.G.B بوو لە ڕووسیای نوێدا بە دەسەڵات گەیشت و ئیتر لەو کاتەوە هێدی هێدی بەنیازە بلوکی ڕۆژهەڵات بژیێنێتەوە و کارێک بکات کە ڕووسیا چیتر لە دۆخی سڕدا نەمێنێتەوە. هەر لە سەرکوتی چیچانییەکانەوە بگرە تا دەگاتە جیاکردنەوەی کریمە و دوو ناوچەی دوونتسک و لووهانسک و بلاڕووس و پشتیوانی کردن لە بەشار ئەسەد و بە پشتیوانی ماددی و فیزیکی ئاخوندەکان، هێشتنەوەی لە سەر دەسەڵات و بەشداری نیزامی لە شاخی ئافریقا و ئامریکای لاتین و ... لەم دواییانەشدا هێرش کردن بۆ سەر ئۆکڕاینای دراوسێی و هەڕەشە لە وڵاتانی ئورووپایی، ئەم ڕاستییەی سەلماند.

بەڵام ئەوەی لە هەموویان گرینگترە ئەوەیە کە پووتین باش دەزانێ ئێرانی ئاخوندی لە گشت هەلومەرجێکدا پشتیوان و هاوکاری ڕووسیا دەمێنێتەوە و بە شێوەیەکی لێبڕاوانەش پشتیوانی لە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی (ڕویکرد شرقی)، کە پێکهاتووە لە ڕووسیا، چین و ئێران، دەکات. پووتین باش ئەوەش دەزانێ کە ئاخوندەکان هیچ دەروویەکی ڕوونیان جگە لە ڕووسیا و چین بۆ نەماوەتەوە، چوونکە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دونیا - جگە لە هێندێک دەستە و تاقمی تێرۆریستی هاوشێوەی خۆیان نەبێت - دوژمنایەتیان هەیە.

سیاسەتی نەزانانە و گەمژانەی ئاخوندەکان بۆ پووتینی هەلپەرەست، دەرفەتێکی ڕەخساندووە تا گرێبەستی ٢٠ ساڵە، ئەویش بە ناز و کرێشمەوە واژۆ بکات و تەواوی ئیمتیازی هەڵێنجانی گازی چالووسی گەورە و بچووک، شوێنی ڕاگواستن، بڕی فرۆش و بە کێی دەفرۆشێ و ... تەنانەت پارەی فرۆشەکەشی بچێتە گیرفانی پووتینەوە، ئەویش گەر بەزەیی پێیاندا هات کەمێکیان بداتێ تا بیکەنە تێچووی شەڕانگێزییەکانیان و بڕێکیش لە گیرفانە زەبەلاحەکانی خۆیانی بئاخنن.

پووتین هەر بەوەندەشەوە نەوەستاوە و هەرێمی یاسایی ڕووبەری دەریای خەزەر کە ٥١ لەسەدی پشکی ئێران بوو، تا ١٣ لەسەد دابەزاندووە و بە قەولی خۆی دایەن بۆ قەزاقستان، تورکەمەنستان و ئازەربایجان دەکات!

ئەوەی بۆ چاوەدێرانی سیاسی ڕوونە ئەوەیە کە ئەو ماستاوانە بێ موو نین، پووتین گەرەکی بوو ئارام ئارام بە بێ شەڕ و تێکهەڵچوون و بە شێوەی یاسایی خۆی بگەیەنێتەوە دەریای خەزەر بەگشتی و بەدڵنیاییشەوە هەنگاوی دواتری لە زێدەخوازییەکانی خودی ئێران دەبوو و لەم ڕێگەشەوە دەست بەسەرداگرتنی بەشێکی زۆر لە گاز و نەوت و کانگا ژێرزەوییەکانی‌تر بەڵام ئێستا ئۆکڕاینا تەواوی ڕیسەکانی لێکردووەتەوە خوری و پووتین پێی لە شەڕی ئۆکڕاینادا زۆر باش چەقیوە، بەو حاڵەش ئاخوندەکانی ئێران لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیی هەر بە بەژن و باڵای هەڵدەڵێن و بە براوەی شەڕی دەبینن!

هەر بۆیە تا وەزیری دەرەوەی ئاخوندەکان نەچووە مۆسکۆ و لەگەڵ لاورۆف دانەنیشت و خەت و نیشانیان بۆ نەکێشرا، نەیاندەزانی لەسەر "بەرجام" چ هەڵوێستێک بگرن! ئەم ڕاستییەش زەریف کاتی خۆی لە وتووێژ لەگەڵ "سەعید لەیلاز"دا درکاندبووی کە لە کۆماری ئیسلامیدا دیپلۆماسی هەمیشە بەقوربانی مەیدان کراوە و ئەوە قاسم سولەیمانییە کە داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەیە نەک من!

پووتین باش دەزانێ خامنەیی چەندە ملکەچی سیاسەتەکانی ڕووسیایە، بۆیە ئاوا بە حورمەتەوە سەرکۆمارە جەلادەکەی وەردەگرێ و ئاوا بە گەرموگوڕیش ڕەوانەی تارانی دەکاتەوە. لە کاتێکدا، کاتێ ئیلهام عەلییۆف سەردانی مۆسکۆی کرد زۆر زۆر بە گەرمی پێشوازیی لێکرا، لەگەڵ ئەوەیدا پووتین چاک دەیزانی ئازەربایجان هەم لەگەڵ ئیسرائیل و هەم لەگەڵ تورکیە، کە ئەندامی ناتۆیە پێوەندی گەرموگوڕی هەیە.

ئەوەی لە سەر ئەمری واقیع دەبیندرێ و دەکرێ دەیان و سەدان وتاری تێروتەسەلی لەسەر بنووسرێ و شڕۆڤە بکرێ ئەوەیە کە پووتین وەکوو بەشێک لە خاکی خۆی چاو لە ئێران دەکات و هەڵسوکەوتیشی لەگەڵ ئاخوندەکان هەر بەم پێوەرەیە.