کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ ئێرانی لەلایەن پۆلیسی ئەفغانستانەوە دەسبەسەر کران

14:51 - 19 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: پۆلیسی سنوورڤانیی ئەفغانستان، چوا ئێرانیی بە تاوانی قاچاخی یەک تۆن مادەی هۆشبەر بۆ ئێران، دەسبەسەر کردووە.


ژەنراڵ شێر ئەحمەد ملدانی فەرماندەی ناوچەی چواری سنوورڤانیی ئەفغانستان، رۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە هەواڵنێرانی وتووە: ئەم چوار هاووڵاتییە ئێرانییە شەوی سێ‌شەممە لە ویلایەتی فەراهـ لە رۆژاوای ئەو وڵاتە دەسبەسەر کراون.
ئەو ژەنراڵە وتی: ئەم ئێرانییانە ویستوویانە زیاتر لە یەک هەزار و ٢٠٠ کیلۆگرەم مادەی هۆشبەر، لە ناوچەی میلکی سەربە شارستانی لاش و جوینی ویلایەتی فەراهـ، بۆ ئێران قاچاخ بکەن.
ئێران یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی قاچاخی مادەی هۆشبەری وڵاتی ئەفغانستانە و لە رێگای باندە مافیایی‌یەکانەوە رەوانەی ولاتانی ناوچە و دواتر ئورووپا دەکرێت و بەشێکی بەرچاویشی لە وڵاتی ئێران مەسرەف دەکرێت.
ئەم لێپرسراوەی پۆلیسی سنوورڤانیی ئەفغانستان ئاشکراشی کردووە، ئەمساڵ زیاتر لە ٥ تۆن مادەی هۆشبەری قاچاخ کراو بۆ ئێران کەشف کراوە و لەو پێوەندییەدا دەیان کەس و لەوانە ٩ ئێرانی دەسبەسەر کراون.
ئەمساڵ ئەفغانستان ئاستی بەرهەمهێنانی تریاکی دابەزی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەم وڵاتە گەورەترین بەرهەمهێنەری تریاکی جیهان دێتە ئەژمار.
پێشتریش ٥ ئێرانیی دیکە بە تاوانی هاوشێوە لەلایەن پۆلیسی ئەفغانستانەوە دەسبەسەر کرابوون.