کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كێشەی ئیدارەی گومروك و ئیتلاعات لە ورمێ‌هاووڵاتیانی زەرەرمەند كردووە

22:49 - 12 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: چەندین كامیونی بارهەڵگر كە لەلایەن ئیدارەی گومروكەوە بە هاووڵاتیانی ورمێ‌فرۆشراوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە دەستی بەسەر دا گیراوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، چەندین جۆر ماشێنی بارهەڵگری رنو، ئیسكانیا و ئاكتروس لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ‌وە بڕیاری زەوت كردنیان دراوە.
یەكێك لە خاوەنی ئەو ماشێنانەی كە دەستی بەسەر دا گیراوە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، ئێمە ئەو ماشێنانەمان لە ئیدارەی گومروكی ورمێ‌كڕیوە و تەنانەت ژمارە و سەنەدی كامیونیەكانیش لەسەر ناوی ئێمە تۆمار كراوە.
ئەو هاووڵاتیە وتیشی: هاوكات لەگەڵ ماشێنەكەی من هەشتا ماشێنی دیكەش دەستی بەسەردا گیراوە و سەرجەم خاوەنی كامیونەكان بۆ ماوەی سێ‌رۆژ لەبەردەم ئیدارەی ئیتلاعات كۆبووینەوە بەڵام هیچ وڵامێكیان پێ‌نەداوینەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ئیتلاعاتی رێژیم لە شاری مەریوان ماوەیەك لەمەوبەر چوارسەد دەزگا ماشێنی ئاكتروسی بە هاووڵاتیانی شارەكانی ئوستانی كوردستان فرۆشتبوو و هەنووكە ئەو ماشێنانە كێشەی فەنی و یاساییان هەیە و كڕیارانی تووشی كێشە كردووە.
ئەو چوارسەد دەزگا ماشێنە كە فرۆشتراون، هەنووكە ژمارەیەكیان لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە دەستیان بەسەر دا گیراوە و بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئیدارەی ئیتلاعاتژمارەی مودێلەكانی ئەو ماشێنانەی دەستكاری كردووە.