کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکایی‌یەکی بە رچەڵەک ئێرانی بە تاوانی فرۆشتن و راگواستنی مووشک بۆ رێژیمی ئێران دەستگیر کرا

19:08 - 4 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی ئەمریکایی بە رچەڵەک ئێرانی بە تاوانی هەوڵدان بۆ راگواستنی مووشەک و ئامێرەکانی فڕۆکە دەسبەسەر کرا.


هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە، هاووڵاتییەکی ئەمریکایی بە رچەڵەک ئێرانی بەناوی \'\'رەزا ئۆلنگیان\'\' لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئەمریکاوە دەسبەسەر و بە هەوڵدان لەمەڕ کڕینی مووشەکی زەمین بەهەوا و ئامرازەکانی فڕۆکە و ناردنیان بۆ ئێران و هەروەها پێشێل کردنی یاساکانی گەمارۆ داسەپاوەکان بەسەر رێژیمی ئێراندا، تاوانبار کراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، \'\'رەزا ئۆلنگیان\'\' لە رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٨٩ی هەتاوی، لە فڕۆکەخانەی تالین لە وڵاتی ئەستوونی دەسبەسەر و رێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٩١، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راگوێزرا.
بە وتەی سەردۆزگەری فیدراڵی ئەمریکا، \'\'رەزا ئۆلنگینان\'\' بە ناوی \'\'ریمۆند ئاوانسیان\'\' ناسراوە و لە ئەگەری سەلماندنی تاوانەکان، لەوانەیە سزای زیندانی هەتاهەتایی بە سەردا بسەپێت.
لەو پێوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا هاووڵاتییەکی ئێرانیی دانیشتووی ئیسراییل بەناوی \'\'عەلی مەنسووریان\'\' بە تاوانی سیخوڕی بۆ رێژیمی ئێران دەسبەسەر کرا.
رادیۆ فەڕانسە لە زاری رێکخراوی هەواڵگری تەناهیی ئیسراییل بڵاوی کردبووەوە، لە ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە بە ناسنامەی بیانییەوە و بە ناوی خوازراوی \'\'ئالێکس مانس\'\' چووەتە ئیسراییل و چەندین وێنەی باڵوێزخانەی ئەمریکای لە تێلاڤیڤ پێ بووە کەلە هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیسراییلەوە دەسبەسەر کراوە.
لەو پێوەندییەدا رێکخراوی هەواڵگریی ئیسراییل رایگەیاندبوو: ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە بە رەگەزنامەی بلژیکییەوە لەلایەن سپای قودسی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، نێردراوەتە ئیسراییل.