کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە وتووێژی لەگەڵ رێژیمی سووریە رەت کردەوە

19:30 - 12 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی وتووێژ لەگەڵ رێژیمی بەشار ئەسەد لەلایەن مەعاز خەتیبـەوە، ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە هەر چەشنە دانووستانێکی رەت کردەوە.
کاناڵی ئەلجەزیرە بڵاوی کردەوە، ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە رایگەیاندووە، قسەکانی مەعاز خەتیب روانگە و هەڵویستی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە نییە.
ئەو ئەنجومەنە راشیگەیاندووە، ئێمە لە مانیفێستی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە و لە پەیمانامەی دۆحەدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە بە هیچ شێوەیەک وتووێژ لەگەڵ رێژیمی سووریە ناکەین.
رێکەوتی ١١‌ی رێبەندان مەعاز خەتیب بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە لە لێدوانێکدا ئامادەیی ئەنجومەنی نیشتمانیی بۆ دانووستان لەگەڵ بەشار ئەسەد دەربڕیبوو.
ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە پێشتریش رایگەیاندبوو، تەنیا بە مەرجی لەسەر کار لاچوونی بەشار ئەسەد ئامادەی وتووێژ دەبین.
ماوەی نزیک بە ٢ ساڵە کێشە و قەیرانی سووریە بەردەوامە و هەتا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لەهاووڵاتییانی مەدەنیی ئەو وڵاتە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی سووریەوە کوژراون.
هەر لەو پێوەندییەدا و لەدوایین و کوشتاری هاووڵاتییانی بێ‌ دیفاعدا نزیک بە ٧٠ کەس بە دەستی هێزەکانی رێژیم کوژرا بوون و دواتریش هاویژرابوونە ناو رووبارێکەوە.