کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب: نابێ بێڵین ڕێژیم خەون و پیلانەکانی بێنە دی

12:06 - 29 خەزەڵوەر 2722

خەڵکی خەباتگێڕ و مافخوازی کوردستان!

ڕاپەڕینی مافخوازیی ئێوە کە بە کوشتنی بەئانقەستی ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد، پێی ناوەتە سێ مانگەی خۆیەوە.

ئەو ڕاپەڕینە کە لە کوردستان سەری هەڵدا و زۆر زوو زۆربەی شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیشی تەنی، توانیویەتی لە سۆنگەی بەردەوامیی خۆی و بەها تایبەتییەکانی ئەو شۆڕشە کە مرۆڤ‌تەوەر، بایەخ‌تەوەر و ئازادی‌تەوەرن، سەرنج و ڕێزێکی تایبەتی لە ئاستی جیهانیشدا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پێشەی هەمیشەیی خۆی هەوڵی داوە لەلایەک ئەو سەرهەڵدانە جەماوەرییە مافخوازانەیە بە پیلان و دەستی دەرەکی ببەستێتەوە و، لە لایەکی دیکەش پەلکێشی توندوتیژییەکی ڕووت و خوێناویی بکات. بۆیە لە نێوخۆی کوردستان سیلەی لە دڵ و مێشکی لاوان و مێرمنداڵان گرتووە و لە دەرەوەی وڵاتیش بە بەزاندنی سنوور و پێشێلکردنی یاسا و پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان، لە هەرێمی کوردستان چەند جار بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە سیاسییەکانی دیکەی بە مووشەک و دڕۆن بەئامانج گرتووە و لە هەڕەشە و هێرشەکانیشی بەردەوامە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوو مانگی ڕابردوودا لە کوردستان بە شەهیدکردنی دەیان کەس، بریندارکردنی هەزاران کەس و گرتن و دەسبەسەرکردنی هەزاران کەس لەلایەک ویستوویەتی هەم تێچووی ئەو سەرهەڵدانە جەماوەرییە بۆ خەڵک بباتە سەرێ، هەم ڕێڕەوی ئەو خەباتە مافخوازانەیە لەپێناو سەرکوتی خوێناویی پتردا بۆ توندوتیژییەکی ڕەها بگۆڕێ. ئەو جینایەتانەش کە لە مەهاباد، سنە، بۆکان، کامێران، شنو، پیرانشار و دیواندەرە و شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکدا خوڵقاندوویەتی، هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.

خەڵکی بەئیرادە و خەباتکاری کورد!

خەڵکی ئێران و جیهان بە گشتی و، ویژدانی مرۆڤایەتیش شانازی بە خەباتی ڕەوای ئێوە، کۆڵنەدان و پێداگریتان لەسەر مافە ڕەواکانتان دەکەن. بەڵام بارودۆخی ئێستا دەخوازێ بە وشیاریی پترەوە لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی هەم تێ‌بگەین و هەم مایەپووچیان بکەینەوە. بۆیە داوا لە هەمووان بەتایبەت لاوانی دڵگەرم و لەخۆبوردووی کوردستان دەکەین لەگەڵ بەردەوامیمان لەو ڕاپەڕینەدا، ڕێگە نەدەن ڕێژیم بتوانێ پیلان و ئامانجەکانی وەدی بێن.

خەباتی دەیان ساڵەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەدیهێنانی ئازادی، مافی نەتەوایەتی، بەرابەری و دادپەروەری؛ خەباتێکی ئاشتیخوازانە و هەڵگری خەسڵەت و بەها شۆڕشگێڕی و مرۆییەکان بووە و هەر ئەوەش ڕێز و خۆشەویستییەکی کەم‌وێنەی بۆ ئەو خەباتە لە ئاستی جیهاندا دەستەبەر کردووە. بۆیە لەگەڵ پێداگری لەسەر ماف و داواکانمان و بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانمان، با لەلایەک نەهێڵین ڕێژیم بە سەرکەوتنی پیلانە شووم و نگریسەکانی خەوش بخاتە سەر خەسەڵەتە بایەخ‌تەوەرەکانی مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەمان و لەلایەکی دیکەش تێچووی گیانیی ئەو خەبات و ڕاپەڕینە لەسەر گەلەکەمان کەمتر بکەینەوە. هەروەها پێ لەسەر ئەوەش دادەگرینەوە کە دیاردەی هەڵکوتانە سەر ماڵ و سووتاندنیان پێچەوانەی بەها و بایەخە شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازییەکانی خەباتی نەتەوەکەمانە و یارمەتیدەری سەرکەوتنی پیلانەکانی ڕێژیمیشە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ناردنی سڵاو بۆ ڕوحی خەباتکاری و مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، سڵاوی تایبەت دەنێری بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو ماوەیە لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان و سەبارەت بە لەدەستچوونی ئەو پۆلە خەباتکارە نەسرەوتووە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان، تێکۆشەرانی دێموکرات و هەموو خەڵکی کوردستان دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی

٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١