
عەلی بداغی
کۆمەڵگەی ئێران بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت؛ قۆناغێک کە کەڵەکەبوونی داڕمانی شەرعییەتی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لەسەر قەیرانی ئابووری، ناڕەزایەتیی گشتی و گوشارە دەرەکییەکان، داهاتووی ڕێژیمی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. دوای چەند مانگ لە شەڕ و گەمارۆی ئابووری، لە کاتێکدا ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی دیکە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا لە هەموو کاتێک زیاترە، پرسیاری سەرەکی هەر ئەوە نییە کە ئاخۆ ڕێژیم دەتوانێت خۆی لەم قەیرانانە دەرباز بکات؛ بەڵکوو ئەوەشە کە ئەگەر ڕێژیم بڕووخێت، چ جۆرە نیزامێکی سیاسی جێگەی دەگرێتەوە و نەتەوەکانی ئێران، بەتایبەتی کورد، چاوەڕوانی چ داهاتوویەکن؟
قەیرانەکانی ئێستای ئێران تەنیا بەرهەمی گوشارە دەرەکییەکان یان شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیم نییە؛ بەڵکوو ڕەگی لە سیاسەت و پێکهاتەی دەسەڵاتێکدایە کە نزیکەی پەنجا ساڵە مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی خەڵک، بەتایبەت نەتەوە نافارسەکان بە شێوەی سیستماتیک پێشێل دەکات. نەبوونی دێموکراسی، سەرکوتی ئازادییەکان، نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران، بەتایبەتی لە کوردستان، بەشێکی بنەڕەتیی ئەو قەیرانە پێکدێنن. بەڵام لە دوای ڕووداوەکەی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە ڕێژیمی سیاسیی ئێران بەرەو لاوازی و داڕمان چووە. لاوازیی کۆماری ئیسلامییش هەر لە چوارچێوەی ئابووری و نیزامیدا کورت نابێتەوە. یەکەم و گرنگترین هۆکار، لەدەستدانی شەرعییەتی سیاسیی دەسەڵاتە. ڕێژیم جگە لە کەمە لایەنگرێک کە هەموو جۆرە ئیمتیاز و ئیمکاناتێک خراوەتە بەردەستیان، لەلای زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگەوە شەرعییەتی نییە و کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵک چیدی و بە هیچ پڕ نابێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، قەیرانی ئابووری، دابەزینی ئاستی ژیان، بێهیوایی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوو، بنەماکانی مانەوەی ڕێژیمیان ئەوەندەی دیکەش لاوازتر کردووە.
لە ئاستی ناوچەییشدا، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی دراوسێدا، هۆکاری سەرەکیی نائارامی و سەرچاوەی مەترسی نەک هەر بۆ سەر ئەم وڵاتانە، بەڵکوو بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەتی و ئابوورییەکانی هەموو وڵاتانی ناوچە و جیهانیش بوون. لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا، ناکۆکییەکان لەگەڵ زلهێزەکان و گوشارە ئابووری و سیاسییەکان، توانای ڕێژیمیان بۆ کۆنتڕۆڵ و چارەسەرکردنی قەیرانەکان سنووردار و بەرتەسکتر کردووە.
کەڵەکەبوونی ئەو قەیرانگەلە و لاوازبوونی ڕێژیم لە ئێستادا دەرفەت بۆ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی زیاتر کردووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا چارەنووسی ڕێژیم پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەوەوە هەیە کە خەڵک و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕێژیم هەتا چەند بتوانن ناڕەزایەتی و دەرفەتەکان بکەنە هێزێکی سیاسیی ڕێکخراو و کاریگەر. گوشارە دەرەکییەکان دەتوانن توانای ڕێژیم بۆ سەرکوت و بەڕێوەبردنی قەیران کەم بکەنەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکی بەردەوام و دێموکراتیک پێویستی بە ڕۆڵی بەرچاو و تێکۆشانی ئامانجداری خەڵک و هێزە سیاسییەکان هەیە.
پێوەندیدار بە کوردستان، یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی کورد لە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی لە ئێراندا، ئەوەیە کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەجێدا دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکان مسۆگەر ناکات. ئەزموونی مێژوویی ئێران، بەتایبەتی لە گۆڕانی دەسەڵات لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێ کە گۆڕینی دەسەڵات و نیزامی سیاسی بەبێ گۆڕینی بنەماکانی حوکمڕانی، دەتوانێت هەمدیسان ستەم و پێشێلکاریی ماف و هەڵاواردنەکان بە شێوەیەکی دیکە بەرهەم بێنێتەوە. بۆیە پرسیاری سەرەکی بۆ داهاتووی ئێران تەنها ئەوە نییە کە کێ دەسەڵات دەگرێتە دەست، بەڵکوو ئەوەیە کە ئاخۆ نیزامی داهاتوو مافی هەموو نەتەوەکان و پێکهاتەکانی ئێران بە فەرمی دەناسێت و دەسەڵات بە شێوەیەکی دێموکراتیک و دادپەروەرانە دابەش دەکات یان نا؟
شک لەوەدا نییە کورد واز لە مافە نەتەوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ناهێنێت. شک لەوەشدا نییە کە دێموکراسی لە ئێراندا کاتێک مانایەکی ڕاستەقینەی دەبێت کە مافی کورد و نەتەوەکانی دیکە، نەک هەر لە ئاستی بەڵێن و گونجاندنی لە یاساکانی وڵاتدا، بەڵکوو لە ڕێگەی دامەزراوە و میکانیزمە سیاسییەکانەوە دابین کرابێت. بەبێ دەستبەربوونی ئەو مافانە، نە سەقامگیریی سیاسی لە ئێراندا بەدی دێت، نە ئەمنییەت و سەقامگیری جێگیر دەبێت و نە بوار بۆ گەشەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییش دێتە ئاراوە. لەم ڕووەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ڕابردوو، هێزە سیاسییەکانی ئێران دەبێ لە ئێستاوە لەسەر بنەمای دێموکراسی، قبووڵکردنی فرەیی نەتەوەیی و سیاسی لە ئێراندا، داننان بە مافی چارەنووس و شێوەی حوکمڕانیی داهاتوو بکەونە دانوستانەوە.
هەڵگیرسانەوەی شەڕ کە ئەو ئەگەرە لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاترە، پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ تێپەڕین لەو قۆناغە چالاکتر بکات. ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی غەیرەکورد دەبێ لەسەر پرسی کورد بیزانن ئەوەیە کە خەباتی کورد بۆ مافەکانی هەر خەباتێکی نیزامی و پێشمەرگانە نییە؛ بەڵکوو خەباتێکی نەتەوەیی، سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ڕێکخراوەییە کە لەپێناو بەدیهێنان و دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستاندا یەک سەدەیە بەردەوامە. لە هەلومەرجی ئێستاشدا، ئامادەبوون بۆ ئەگەرە جۆراوجۆرەکان و قۆستنەوەی دەرفەتە سیاسییەکان، بە مانای بەستنەوەی چارەنووسی خەباتی کورد بە شەڕی وڵاتانی دی دژی کۆماری ئیسلامی نییە. گرنگ ئەوەیە هێزە سیاسییە کوردییەکان بە سەربەخۆیی سیاسی و بە هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخ، لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بڕیار بدەن. بڕیارەکەش ئەوەیە کە ئێرانی داهاتوو دەبێ فیدراڵ و دێموکراتیک بێ و کورد لەو ئێرانە دێموکراتیکەدا خاوەنی دەسەڵات و سەروەریی سیاسی و ئیداریی خۆی بێت.
پوختەی مەبەست:
کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران لە بەردەم گۆڕانکارییەکی گرینگدایە، بەڵام ئاراستە و ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە هێشتا دیار نییە. لاوازیی کۆماری ئیسلامی دەرفەتێکی سیاسیی باش و لەباری دروست کردووە، بەڵام سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامیدا ئیرادەی سیاسیی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن و دروستبوونی ئاڵترناتیڤی ڕێژیمی پێویستە. واتە ئەوەی چارەنووسی داهاتوو دیاری دەکات، توانای خەڵک و هێزە سیاسییەکانە بۆ گۆڕینی ئەو دەرفەتە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕوون و دێموکراتیک. لەو پڕۆژەیەدا، ئازادیی ئێران و مافی نەتەوەکانی ئەم وڵاتە نابێ دوو ئامانجی لێکجیاواز بن؛ بەڵکوو دەبێ بەشێکی لێکدانەبڕاوی چارەسەری قەیرانی مێژوویی ئەو وڵاتە بن. هەر لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پێش بە بەرهەمهێنانەوەی ستەم و هەڵاواردن و قەیرانەکان بگیرێت و بناغەی ئێرانێکی دێموکراتیک، فیدراڵ و سەقامگیر دابندرێت.