کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارەمین کۆڕەشێعری وێرەکانی خەزەڵوەر لە بانە بەڕێوە چوو

12:39 - 16 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە بناری ئاربەبای سەربەرز، چوارەمین کۆڕەشێعری "وێرەکانی خەزەڵوەر" لە هۆڵی ئیدارەی فەرهەنگی بانە بە بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجومەنی شێعر و ئەدەبی بانە و بە بەشداریی ژمارەیەک لە شاعێران لە شارەکانی بانە، سەقز، سەردەشت، نەغەدە، پیرانشار، کرماشان، مەهاباد، هەرسین، ئیلام، مەریوان، پاوە، ئەیوان و سنە و بە پێشوازی گەرمی جەماوەری خەڵکی بانە لە سێ بەشدا بەڕێوە چوو.

کۆڕەشێعری "وێرەکانی خەزەڵوەر" ساڵانە لەلایەن ئەنجومەنی شێعر و ئەدەبی بانەوە و لە مانگی خەزەڵوەردا بەڕێوە دەچێت.

ئەم کۆڕەشێعرە ئەمساڵ بە ئاوڕدانە لە هەموو شاعێرانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو و خەڵاتی ساڵانەی خەزەڵوەری بەخشی بە سێ کەسایەتی شاعیر و نووسەر و چالاکڤان مامۆستایان هێرش بێتووشی شاعێر، نووسەر و وەڕگێر، مامۆستا حسەن ڕەوێش "پارێزەر"  شاعێر نووسەر، چالاکی ژینگەیی و مامۆستا حاجی عەبدوڵڵا هەمزە شاعێر و نووسەر و چالاکی ئەدەبیی لە شاری سەردەشت.

هاوکات تەندیسی ڕێزلێنان پێشکەش بە دوو کەسایەتی لە ئەندامانی ئەنجومەن ئەدەبیی بانە بەڕێزان عەلی مەحموودی ناسراو بە ئاودێر بەرپرسی ئەنجومەن ئەدەبیی بانە و ڕێزدار ئیسماعیل غەمگیـن، ئەندامی دەستەیی کارگێڕی و دەبیری ئیجرایی "وێرەکانی خەزەڵوەر" کرا.

ئەنجومەنی ئەدەبیی بانە یەکەم ئەنجومەنی شێعری و ئەدەبییە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بونیاد نراوە و هەتا ئیستاش چالاکە و بووەتە پردێکی پەیوەندیی بەهێز و مەکۆیەک بۆ لاوانی خاوەن پێنووس و ناسک خەیاڵ.

"وێرەکانی خەزەڵوەر"ی ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو بە پێشوازیی بێوێنەی جەماوەری ئەدەبدۆستی ڕۆژهەڵات و بە سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی لەلایەن منداڵانی باخچەی ساوایانی زیرەک بە سەرپەرستیی خاتوو ژینۆ ڕەسووڵی دەستی پێکرد و دواتر لە سێ بەشدا شاعێران بەرهەمەکانیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە ناواخنی کۆڕەکەدا هونەرمەندان جەلال و سەلام خوڕیاوایی بە گۆڕانی فۆلکلۆری کوردی و هونەرمەند مێهدی وەکیلی لە بۆکانەوە بە پێشکەشکردنی گۆرانی، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.

ئەرکی پێشکەشکاری ئەم کۆڕە لە سەر شانی مامۆستا هۆزان لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی بوو. "وێرەکانی خەزەڵوەر" بە پێشکەشکردنی ڕێزلێنان بە شاعێران و هاوڕێیانی بەشداربوو کۆتایی پێهات.