کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کرماشانەوە تا ورمێ دروشمی «کوردستان یەک وڵاتە» دەنگی دایەوە

12:48 - 16 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی هەینی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە شاری ورمێ یارییەکی فەرمی لە نێوان دوو تیمی شارەداریی گۆکتەپەی مەهاباد و ڕووناهی ورمێ بەڕێوە چوو.

خەڵکێکی زۆر لە گۆکتەپە و مەهاباد بۆ سەیری یارییەکە چووبوون بۆ ورمێ و لەلایەن خەڵکی ورمێوە پێشوازییەکی بەرچاو و گەرم لە هاندەران و یاریزانانی مەهاباد کرا و هەست و سۆزێکی کوردانەیان بەرانبەر بە یەکتر دەربڕی.

کەشی زاڵ بەسەر لە یاریگەکە پڕ بوو لە سۆز و خۆشەویستیی کوردانە؛ دەنگی دروشمەکان و ڕوانگەی ئاوێتەبوونی دڵی شارەکانی کوردستان، جارێکی تر سەلماندی کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن گیان و هەستی یەکڕیزیی ئەم گەلە لە یەک جودا بکەنەوە.

ئەم یەکگرتووییە نیشتمانییە لەکاتێکدا بوو کە چەند ڕۆژ پێش ئێستاش لە یارییەکی نێوان تیمەکانی «بێعسەتی کرماشان» و «هوراسپۆرت (شارەوانی)ی مەهاباد»دا، هاندەران و جەماوەری بەشداربوو بە هەستی پاکی نەتەوەیی و بە دەنگێکی دلێر دروشمی «کرماشان، مەهابادە، کوردستان یەک وڵاتە»یان بەرز کردبووەوە؛ ڤیدیۆی ئەو پێشوازییە گەرمانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبوو و هیوایان لە دڵی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەردا زیندوو کردەوە.

ئەم جووڵانەوە جەماوەرییە خۆڕسکانە، کە خەریکە دەبێتە فەرهەنگێکی دیار و ڕێکوپێک لە کۆمەڵگەکەماندا، هێمایەکی ڕوونی بڕوابەخۆبوون و یەکگرتنی نەتەوەییە و پەیامێکی قورسی بۆ نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان هەیە.