بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵ، ڕاوێژکارە باڵاکانی دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی جۆرێک لە جیاوازی بۆچوون و ناکۆکی بوون؛ ئەم ناکۆکییە جۆرێک لە کێبڕکێ لە نێوان هەڵبژاردنی ڕێگەی سەربازی، بەردەوامیدان بە گوشاری ئابووری و دەستپێکردنەوەی دانوستانی دیپلۆماسییە.
لە ناو تیمەکەدا، جیدی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، و ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەت، بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان پشتیوانی لە ڕێگەچارەی دیپلۆماسی دەکەن. هاوکات وڵاتانی هاوپەیمانی واشنگتۆن لە کەنداو، بەتایبەت قەتەر، بە چڕی هەوڵ دەدەن ڕێگری لە هەر هێرشێکی نوێ بکەن، گەرووی هورمز بکەنەوە و پڕۆژەی دەستپێکردنی خێرای دانوستانی ئەتۆمی بخەنە گەڕ.
لە بەرانبەردا، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری و برەد کوپێر فەرماندەی سێنتکام، لە کۆبوونەوەکانی هەڵسەنگاندنی بژاردە سەربازییەکاندا، داوای گەڕانەوە بۆ ئۆپەراسیۆن و هێرشی بەرفراوانیان کردووە. هەروەها مارکو ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، و سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری، جەخت لەسەر توندکردنەوەی سزاکان و بەردەوامیدان بە گەمارۆ دەریایی و ئابوورییەکانی دژی ئێران دەکەنەوە.
ئەم دابەشبوونە ناوخۆییەی تیمی ترامپ لەکاتێکدایە که بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ لێدانی سەربازیی زیاتر گوشاری خستووەتە گەڕ و لە بەرانبەریشدا هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا خەریکی بەهێزترکردنی پێگەی خۆیانن و بڕیارە کەشتیی هەڵگری فڕۆکەی "تێئودۆر ڕۆزڤێڵت" لە حەفتەکانی داهاتوودا بگەڕێتەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی ، ۱۵ی خەزەڵوەر لە فلۆریدا باسی لە «پێشکەوتنی گەورە» لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران کرد و ئەنجامدانی هێرشی «سنووردار» دژی یەکێک لە سیستەمە بەرگرییەکانی ئێرانی لە نزیک دورگەی قێشم پشتڕاست کردەوە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو پێی باشە تاران لەنێو نەبات، بەڵام ئەگەر ناچار بێت ڕەنگە ڕێگەیەکی تر بگرێتە بەر، دۆخێک کە تێیدا هەڕەشەی سەربازی و پەیامی دیپلۆماسی پێکەوە بەڕێوە دەچن.