کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە چۆن خۆمان پێناسە دەکەین؟

18:15 - 15 خەزەڵوەر 2726

حەسەن شێخانی

یەکەم: چەمکەکان و دەستەواژەکان و پێناسەکان دابڕاو نین لە بەستێنی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسی؛ هەڵقووڵاوی بەستێنی جیاواز و جۆراوجۆرن. هەرکامیان ژینگەیەک نوێنەرایەتی دەکەن یان مۆرک و تایبەتمەندیی ژینگەیەکیان پێوە دیارە. بە واتایەکی دیکە هەرکامیان ڕەچەڵەکێکیان هەیە و بە شێوەیەکی ئۆرگانیک بەو زەمین و فەزایەی تێیدا سەریان هەڵداوە یان لێی هەڵقووڵاون، گرێ دراون. چەمکەکان لەنێو خۆیاندا ئیزۆلە نین و پاشخان و ڕەچەڵەک و بەستێنێکیان هەیە؛ گشتی و ڕەها و بانمێژوویی و مێتافیزیکی نین؛ باکگراوندێکیان هەیە و لە بنەڕەتدا ڕوویان لە فەزا و بەستێنی دیاریکراوە و بەپێی زەمەن و بەستێنەکان تازە دەبنەوە، دەگۆڕێن و تێگەیشتن لێیان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.

دووهەم: چەمکەکان و دەستەواژەکان و پێناسەکان بەرهەمی بیری مرۆڤەکان و بیرمەندانی کۆمەڵگەن. بیرمەندانی کۆمەڵگە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاریشەکان و پرسەکانی کۆمەڵگە، تێڕامان و بیرکردنەوەکانیان دەخەمڵێنن و تیۆریزە دەکەن و، چەمک و تێز و تیۆریی گونجاو، کە وەڵامدەری ئەو پرسانە بێت، فۆرموولە دەکەن و دێننە ئاراوە. واتا لە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەر چەمک و تیۆرییەک، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە لە کوێ سەری هەڵداوە و بۆ وەڵامدانەوە بە کام پرسی شوێنی هاتنەئارای خوڵقاوە؟ ئەگەر وا نەکەین، ئەوە مامەڵەکەمان لەگەڵیان، مامەڵەیەکی بان‌شوێن و بان‌کاتی دەبێت.

سێهەم: چەمک و دەستەواژە و پێناسەکان ڕەها و بەری نین لە بەرژەوەندی و دەسەڵات. میشێل فوکۆ، فیلسووفی فەڕەنسی، زۆر جوان پێوەندیی نێوان مەعریفە و دەسەڵات و ڕەوایی شی کردووەتەوە و بەرگی حەقیقەتی ڕەهای لێ داماڵیون و بە چەمکی «ڕێژیمی حەقیقەت» شیکاری و شرۆڤەیان دەکات؛ بەو مانایەی کە نابێت لەگەڵ چەمکەکان لە بیاڤی مەعریفەشدا وەک ڕاستیی ڕەها کە بۆ هەموو سەردەم و هەلومەرجەکان گونجاون، مامەڵە بکەین. لەپشت چەمک و تیۆرییەکان، بەرژەوەندی و دەسەڵات خۆی مەڵاس داوە؛ پێوەندییەکانی دەسەڵات چەمکەکان شکڵ دەدەن یان لە شکڵگرتنیاندا کاریگەر و بەشدارن. بە گوتەی نیچە، فیلسووفی ئاڵمانی، مرۆڤەکان ئیرادەی ڕوو لە دەسەڵاتیان هەیە و لێگەڕین و هەوڵەکانیان لەم پێناوەدا دەخەنە گەڕ. مرۆڤەکان ڕوانگە و ئاسۆی ڕوانینیان هەیە و هەموو هەوڵ و هەنگاو و داهێنانەکانیان لە پێناو ویست و ئیڕادەی خۆیاندا دەخەنە گەڕ.

چوارەم: ئەگەر ئەمەی فوکۆ دەیڵێت لە بیاڤی مەعریفەدا ڕاست بێت، لە بیاڤی سیاسەتدا ڕاستتریشە. سیاسەت لە بنەڕەتدا بە وشەکان، دەستەواژەکان، چەمکەکان و پێناسەکانەوە دەست پێ دەکات. بۆیە زۆرترین گەنگەشە لەسەر بەکارهێنانی چەمکەکان و پێناسەکان دەبینرێت؛ هەرکامیان ڕوانگە و گۆشەنیگا و بەرژەوەندییەکیان لەپشتە. دروست نییە تۆ بێ تێڕامان و دیتنی ئەو شتانەی لەپشت چەمکەکانن، دووپاتیان بکەیتەوە و بەکاریان ببەیت، بەتایبەت ئەو چەمک و پێناسانەی کە بۆ تۆ وەک بوونێکی بەکۆمەڵ دەکرێن. ئەویتر لە ڕوانگە و بەرژەوەندیی خۆیەوە تۆ دەخوێنێتەوە و پێناسە دەکات.

پێنجەم: ئەم پرسیارە کە ئێمە چین و کێین؟ چۆن خۆمان پێناسە دەکەین؟ پرسیارێکی بوونناسانەیە. ئەم پرسیارە شێوازی مامەڵەی خۆت لەگەڵ خۆت و شێوازی مامەڵەی ئەویتر لەگەڵ تۆ دیاری دەکات؛ دیاری دەکات کە بەپێی ئەو پێناسەیە دەتوانیت داوای چی بکەیت و سنووری داواکاری و مافەکانت چییە و تا کوێیە. چۆنیەتیی خۆپێناسەکردنت، سنووری داواکاری و مافەکانت دیاری و ڕەنگڕێژ دەکات. چ چەمکێک بۆ پێناسەی خۆمان بەکار دەبەین، گرنگییەکی لەڕادەبەدەر و بنەمایی هەیە. ئێمە بەو چەمکانەی کە بۆ پێناسەکردنی خۆمان بەکاریان دەبەین، خۆمان دەخوڵقێنین؛ چەمکەکان و وشەکان و بەگشتی زمان خوڵقێنەرە. چۆن خۆت ببینی و خۆت پێناسە بکەیت، ئەوەیت.

خاڵێکی بنەڕەتیی تر ئەوەیە کە دەبێت خۆت، خۆت پێناسە بکەیت؛ ئیجازە نەدەیت ئەویتر پێناسەت بکات و تۆش لە دەلاقەی ئەوەوە خۆت ببینی و مانا بکەیتەوە. ڕاز و فەلسەفەی مرۆڤ لە ئازادبوونیدایە؛ لەوەدایە کە سوژەیەکی سەربەخۆ بێت و لە پێگە و ڕوانگەی خۆیەوە خۆی پێناسە بکات و، ڕێگە نەدات ببێتە ئۆبژەی ئەویتر کە دەیناسێت و پێناسەی دەکات. واوەتر لەوەش، کار بکات بۆ ئەوەی ئەو پێناسەیەی کە بۆ خۆتی دەکەیت، بیسەپێنیت و لەلایەن ئەویتریشەوە بە فەرمی بناسرێت. ئەمە ڕاستەقینەترین خەباتە. ئەمە خاڵی دەستپێکە. خەباتی هەر مرۆڤێک و هەر نەتەوەیەک لێرەوە دەست پێ دەکات؛ لە خۆناسین و خۆپێناسەکردنەوە، لە چییەتیی خۆمان وەک تاک و کۆمەڵەوە، لەوەوە کە ئێمە هەین و چین. چییەتییەکەش خۆمان وەک سوژەیەکی سەربەخۆ دیاری دەکەین.

شەشەم: وەڵامی ئەم پرسیارە کە چۆن خۆمان پێناسە دەکەین، ئەسڵ و بنەمای خەباتی ئێمە پێک دێنێت. ئەم پێناسەیە، پێناسەی خەباتیشمانە. وەڵامی ئەم پرسیارە، بوونناسی و ئۆنتۆلۆژیی ئێمەیە، چییەتیی ئێمەیە؛ هەر بەم پێیەش بوونناسی و ئۆنتۆلۆژی و چییەتیی خەباتیشمانە. وەڵامی ئەم پرسیارەیە کە ڕوونی دەکاتەوە و دیاری دەکات کە گەلۆ خەباتی ئێمە، خەباتێکی ڕزگاریخوازانەیە یان نا؟ واتە وەڵامی ئێمە جۆر و چەشنی خەباتەکەمان و، سنوور و چوارچێوەی خەباتەکەشمان دیاری دەکات؛ نەک ئەوە بەتەنیا، بەڵکوو خۆشمان دەئافرێنێت و دەخوڵقێنێت.

ئەگەر ئێمە خۆمان وەک نەتەوەیەکی جیا و سەربەخۆ پێناسە بکەین کە وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە، مافی دیاریکردنی چارەنووس و مافی سەروەریی نەتەوەییمان هەیە، لەو حاڵەتەدا خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان، دەبێتە خەباتێکی ڕزگاریخوازانە. بەبێ ئەم پێناسەیە، خەباتیش پێناسەی ڕزگاریخوازی وەرناگرێت. بوونمان و چییەتیی بوونمان و چۆنیەتیی خۆپێناسەکردنمان، چییەتیی خەباتیشمان دیاری دەکات. هەموو شتێک لەم ئەسڵ و بنەمایەوە وەک زنجیرەیەک کە ئەڵقەکانی بە شێوەیەکی چارەهەڵنەگرانە بەدوای یەکدا دێن، سەرچاوە دەگرێت. بۆ هەڵسەنگاندنی هەر خەباتێک، سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەم ئەسڵ و بنەما بوونناسانەیە، لەوێوە دەست پێ بکەین و ئەڵقە لەدوای ئەڵقە شیی بکەینەوە:

ئەلف) حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتاوە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە: کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەروەریی نەتەوەیی دەبینێت. ئەمە بەردی بنەمای حیزبی دێموکراتە کە لە کۆمەڵەی ژێکافەوە دانراوە و هەتا ئێستا وەک بنەمایەکی نەگۆڕ ماوەتەوە. ئەمە ئەسڵێکی نەگۆڕە؛ پێناسەبەخشە، دیاریکەرە، ئاراستەبەخش و قوتب‌نمای خەباتمانە، ئاسۆی ڕوانینمانە و جیامان دەکاتەوە لەو ڕەوتانەی خاوەنی ئەم ئەسڵە نین یان قبووڵیان نییە و وەها پابەندییەکیان نییە؛ ئەو ڕەوتانەی کورد وەک نەتەوە پێناسە ناکەن و نابینن، بەڵکوو وەک قەوم، کەمەنەتەوە، گرووپی کولتووری و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پێناسەی دەکەن.

ب) ئەم ئەسڵە بۆ حیزب خەسڵەتێکی وجوودی و بوونناسانەی هەیە؛ حاشاکردن لەم ئەسڵە، ڕەتکردنەوەی حیزبی دێموکراتە؛ لابردنی ئەم بەردی بنەمایە، ڕووخان و هەڵوەشانەوەی حیزبی دێموکراتی لێ دەکەوێتەوە. ئەم ئەسڵ و بنەمایە، پێناسە و ناسنامەی حیزبی دێموکراتە؛ لەو کاتەوە کە دامەزراوە هەتا ئێستا پاراستوویەتی و نەک هەر بە ئامانجی نەهێشتنی، دەستی لێ نەداوە، بەڵکوو لەسەر ئەم بنەمایە و لە درێژەیدا هەنگاوی ناوە و پتەوتریشی کردووە؛ بە خەبات و قوربانیدان ڕوونی کردووەتەوە و جێی خستووە و پەرەی پێ داوە و کۆمەڵگەشی لەسەر ئەم بنەمایە ڕاهێناوە و ئاراستە کردووە. ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دوایین نموونەیدا لە ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال مەلەکشادا بینیمان، بەڵگەی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە؛ ئەوەی کە کۆمەڵگە لە ئاستێکی فراواندا کردوویەتە قوتب‌نمای خۆی و لەم ئاسۆیەوە دەڕوانێتە پرسەکەی و خۆی و ئەویتر.

ج) لە بەرامبەردا دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا و، لەم نێوەدا دەوڵەتی ئێران و نەتەوەی سەردەستی فارس، کورد وەک نەتەوە نابینن و بە چەمکی «قەوم» پێناسەمان دەکەن؛ شوناسێکی سەربەخۆمان بۆ قائیل نین و بە بەشێک لە نەتەوەی ئێرانیمان دەزانن و دەیانەوێت ئەنتێگرەمان بکەن. ئەوان کاتێک نەتەوەبوونمان ڕەت دەکەنەوە، ئەگەر مافیشمان بۆ قائیل بن، لە هەندێک مافی کەم و سنووردار تێناپەڕێت؛ چونکە دەزانن ئەگەر دان بە نەتەوەبوونماندا بنێن، دەبێت ئیعتراف بە هەموو ئەو مافانەشدا بکەن کە نەتەوەیەک هەیەتی. ئەوان کە نەتەوەبوونمان ڕەت دەکەنەوە بۆ ئەوەیە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس و مافی سەروەریی نەتەوەییمان پێ ڕەوا نەبینن.

وشەکان، چەمک و پێناسەکان گرینگن، بوون‌ساز و ناسێنەرن؛ بۆیە دەبێت هەر چەمکێک لە جێی خۆیدا بەکار بهێنرێت و لە ڕیزکردنی چەمکی جیاواز بەدوای یەکدا کە نێوئاخن و مانا و چییەتییەکی جیاوازیان هەیە، خۆ ببوێرین. نابێت لە دەلاقەی ئەویتری سەردەستەوە کە دەیەوێت سەردەستییەکەی بپارێزێت و جێگیری بکات لە خۆمان بڕوانین؛ پێناسەی ئەوان بۆ ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی و پاراستنی سوڵتە و سەردەستیی خۆیاندایە؛ خۆمان، خۆمان پێناسە بکەین و بە ئەدەبیات و چەمک و چوارچێوەی مەفهوومی و مانایی خۆمان، باس لە خۆمان بکەین و خۆمان بناسێنین.

د) ڕاستە حیزبی دێموکرات لە سەردەمێکدا داوای خودموختاریی دەکرد و ئێستاش داوای فیدراڵیزم، بەڵام هەرگیز ئەم ئەسڵەی کە «کورد نەتەوەیەکی خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووسە» وەلا نەناوە، بگرە جێگیرتریشی کردووە. ئەمەیە کە ئێمە لەو ڕەوتانەی داوای چەشنێک «خۆبەڕێوەبەریی ئیداری»، لە غیابی ئەم ئەسڵەدا، دەکەن جیا دەکاتەوە.

ئێمە هەلومەرج، فاکتەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و هاوکێشە ژێئۆپۆلیتیکییەکانمان لەبەرچاو گرتووە و، بە ڕەچاوکردنی ئەمانە، لە قۆناغێکدا مافی دیاریکردنی چارەنووسمان لە فۆڕمی خودموختاریدا داوا دەکرد و ئێستاش لە فۆڕمی فیدراڵیزمدا؛ بەڵام ئەسڵی پرسەکەمان وەک خۆی هێشتووەتەوە و کردوومانەتە ئاسۆی ڕوانین و قوتب‌نمامان. لێرەوەیە کە ئێمە هەرچەندە داوای فیدراڵیزم لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێراندا دەکەین، بەڵام ئەم سنوورانەی ئێستا هەن، بە ئەزەلی و ئەبەدی نازانین؛ ئەمانە سروشتی نین، دروست کراون، لە ئەنجامی زۆرداری و هاوکێشەگەلێکدا کێشراون و، دەکرێت گۆڕانیشیان بەسەردا بێت. ئێمە پابەندی ئەسڵی بنەمایی پرسەکەمانین، پابەندی مافەکانمانین؛ ئەوەی بۆ ئێمە ئەسڵە، مافی ئێمەیە و، خەباتە بۆ وەدیهێنانی.

هـ) ئێرانیش بە فرەنەتەوە دەزانین. لەم سۆنگەیەوە پێمان وایە ئەم دەسەڵات و سیستمەی کە هەیە، دەسەڵات و سیستمێکی تاک‌شوناسییە و لەسەر بنەمای تاکە‌شوناسیی فارس و ڕەتکردنەوەی شوناسی نەتەوەکانی دیکە بنیات نراوە. سیستمێکە لەسەر بنەمای نایەکسانی، زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە دامەزراوە. بۆیە ئێمە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستمە و دامەزراندنی سیستمێکی ناناوەندی دەکەین کە هەموو نەتەوەکان وەک یەک تێیدا بەشدار و خاوەنی سەلاحیەت و سەروەری بن. ئێمە بەم سیستمە کە لەسەر بنەمای نایەکسانی دامەزراوە پەیوەست و تێکەڵ نابین؛ ناچینە نێوی و، بە یاسا و ڕێساکانی ئەم سیستمەش کار ناکەین. ئەم سیستم و دەوڵەتە نابێت وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵکوو دەبێت هەڵوەشێتەوە و سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە. ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، ڕادیکاڵ و پێکهاتەییە؛ پێکهاتەی زاڵ دەشکێنین و پێکهاتەی تر بنیات دەنێین. پێکهاتەشکێنین؛ ڕادیکاڵ، شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخوازین. ناچینە نێو سیستمێک کە وەک نەتەوە نەفیمان دەکات، بەڵکوو کار دەکەین بۆ هەڵوەشاندنی و دامەزراندنی سیستمێک کە لەسەر بنەمای یەکسانیی نەتەوەکان دادەمەزرێت.

هەموو ئەمانەش لە پرسیاری ئەم نووسینە و وەڵامەمەکەی دەکەونەوە؛ لێکەوتەکانی ئەم پرسیارە جەوهەری و وەڵامەکەیەتی. چۆنیەتیی خۆپێناسەکردنمانە کە مافەکانمان پێناسە دەکات و سنووری داواکانمان دیاری دەکات. چۆنیەتی و جۆری وەڵامدانەوە بەم پرسیارەیە کە ڕەوتەکان لێک جیا دەکاتەوە؛ یار و نەیارمان بۆ هەڵداوێرێ؛ بەرەی خۆیی و بەرامبەر و دژمان، لێک جیا دەکاتەوە؛ سنووربەندی دەکات و وەک هێڵێکی جیاکەرەوەی لێبڕاو ڕۆڵ دەگێڕێت.

شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە خۆی، خۆی پێناسە دەکات و تەسلیمی پێناسەی ئەویتری خۆسەپێن نابێت؛ ڕێگە نادات ببێتە ئۆبژەی ئەویتر؛ خۆی سوژەیە و بە هیچ پێکهاتەیەک کە خۆی لە داڕشتنیدا بەشدار نەبێت و خۆی تێدا نەبینێتەوە، پەیوەست و ئەنتێگرە نابێت.