کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش لاوی خەڵکی مازەندەران تۆمەتی موحاربەیان بەسەردا سەپێندرا

16:46 - 17 بەفرانبار 2722

شەش لاوی گوندی قەڵاسەر، سەر بە شاری نێکا لە پارێزگای مازەندەران لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە لەو شارە حوکمی "موحاربە و افساد فی الارض"یان بەسەردا سەپا.

بەشێک لە سەرچاوە خۆجێیەکانی پارێزگای مازەندەران ڕایانگەیاندووە کە شەش لاوی گوندی قەڵاسەر، بە تۆمەتی ئاگردانی بینای دادگوستەریی شاری نێکا لەلایەن دەزگای دادی ڕێژیمەوە لەو شارە حوکمی"موحاربە و افساد فی الارض"یان بەسەردا سەپاوە.

مێقداد یەعقووبی، عەلی‌ئەکبەر جانی، عەلی‌ئەسغەر فەغانی، حوسێن شەعبانی و دوو برا بە ناوەکانی محەممەد ڕەسووڵی و عەلی ڕەسووڵی، ئەو شەش لاوەن کە ڕێکەوتی ۱۲ی بەفرانبار، لە ماڵی خۆیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو کەسانە هەموویان تەمەنیان لەژێر ۲۵ ساڵدایە.

ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی گەڵانی ئێران و دانانی کەشێکی تۆقێنەر دەستی کردووە بە دەسبەسەرکردنی خەڵک ناڕازی و بە سەپاندنی حوکمی وەک "موحاربە، بەغی و  افساد فی الارض" حوکمی سێدارەیان بۆ دەر دەکات.