کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی گەشەی ئاسمانیی وڵاتانی کەنداو دەخاتە مەترسییەوە

10:03 - 15 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە فڕۆکەخانە گەورەکانی وڵاتانی کەنداو، بەهۆی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانییەوە، ڕووبەڕووی مەترسیی جیددی بوونەتەوە.

ئەم فڕۆکەخانانە کە بە وەبەرهێنانی سەدها میلیارد دۆلار دروست کرابوون تا ناوچەکە بکەنە ناوەندێکی سەرەکیی فڕینی جیهانی، ئێستا ئەمنییەتییان بەتەواوی کەوتووەتە مەترسییەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، جگە لە عومان، فڕۆکەخانەکانی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە کراونەتە ئامانج و لانیکەم ٢٨ پێکانی مووشەکی یان دڕۆنی لە نزیکیان تۆمار کراوە.

ئەم ئاڵۆزییانە زیانیان بە فڕۆکەخانەکانی دووبەی و ڕیاز گەیاندووە، فڕینەکانیان ڕاگرتووە و تێچووی ئەمنییەت، بیمە و چالاکیی کۆمپانیا ئاسمانییەکانیان بەرز کردووەتەوە.

هەروەها گەڕانەوەی کۆمپانیا ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی دواخستووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشتیاری، سازدانی کۆنفڕانسەکان و پێگەی ئابووریی ناوچەکە داناوە.

سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، حکوومەتەکانی ناوچەکە بەردەوامن لە بەرنامەکانی گەشەپێدانی فڕۆکەخانەکانیان؛ لەوانە دووبەی بەردەوامە لەسەر پڕۆژەی گەشەپێدانی ٣٥ میلیارد دۆلاریی فڕۆکەخانەی "ئەلئالمەکتوم".

ڕۆژنامەکە زیاتر نووسیویەتی کە گرنگیی فڕۆکەخانەکان بۆ وڵاتانی کەنداو تەنیا لە داهاتی گواستنەوەی موسافراندا نییە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە بەرنامەکانیان بۆ گەشەپێدانی بازرگانی، خزمەتگوزارییە داراییەکان، گەشتیاری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت.

پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ڕێکارەکانی بەرگری و پاراستن، لەوانە بەهێزکردنی کۆگاکانی سووتەمەنی، ناتوانن ئەمنییەتی تەواوی ئەم ژێرخانانە لە بەرانبەر هێرشە ئەگەرییەکاندا دەستبەر بپاریزن.