کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێگسێت: شەڕی ئێران هەنگاوێکی بوێرانە و مێژووییە بۆ ڕێگریکردن لە چەکی ئەتۆمیی تاران

13:15 - 15 خەزەڵوەر 2726

پیت هێگسێت، وەزیری شەڕیی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبەردەم باڵەخانەی پێنتاگۆندا، شەڕ دژ بە ڕێژیمی ئێرانی بە هەنگاوێکی بوێرانە و مێژوویی وەسف کرد و ڕایگەیاند جیا لە بەراوردی بیروڕای گشتی بەرانبەر بەم شەرە، ئامانجی سەرەکی ڕێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.

هێگسێت جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی دونالد ترامپ لە ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی سوورە و سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بۆ پێکانی ئەم ئامانجە دەگرێتە بەر.

ناوبراو داوای لە کۆنگرە کرد پشکی بودجەی لانیکەم ٣٥٠ میلیارد دۆلاری بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی ئەمریکا پەسەند بکات و ڕایگەیاند کە پێویستە وەزارەتی شەڕ سەرچاوەی دارایی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە جیهانییەکان.

وەزیری شەڕیی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، لە وڵامی ڕەخنەکان و هەوڵەکان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای لێپرسینەوە و سه‌ندنه‌وه‌ی متمانە لە پۆستەکەی، جەختی کردەوە کە لە هەڵوێستەکانی پاشگەز نابێتەوە.

ناوبراو وتی: "ئەم هەوڵانە دژ بە سەرۆککۆمار ترامپ سەرنەکەوتن و دژ بە منیش سەرناکەون؛ دەتوانن لەم بابەتە دڵنیا بن."

ئەم لێدوانانەی هێگسێت لە دوای شکستی کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەندیی کۆنگرەدا هات، کە تێیدا بابەتی شەڕی ئێران یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کێبڕکێکان بوو.