کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: بەمزووانە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی شەڕ دژ بە ئێران بڕیار دەدەم

13:12 - 15 خەزەڵوەر 2726

دۆنالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، دیسانەوە هەڕەشەی وێرانکردنی ئێرانی کردەوە و ڕایگەیاند کە بەمزووانە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە بڕیاری کۆتایی دەدات.

ترامپ پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئەمنییەتی نیشتمانی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێران لە کۆشکی سپی ئاماژەی بە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کرد و وتی: "ئایا دەمانەوێت درێژە بە پێشڕەوی لە هێرشەکاندا بدەین و دڵنیا بینەوە کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەتەواوی لەنێو چووە و هەرگیز نۆژەن ناکرێتەوە؟ ئەگەر دەرفەتی هەبێت پێم باشە پاشماوەی وڵاتەکە لەنێو نەبەم، بەڵام ڕەنگە ناچار بەو کارە ببم؛ بەمزووانە دەیزانن."

سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە واشنگتۆن لە هەشت مانگی ڕابردوودا بە هەموو ئامانجەکانی لە ئێراندا گەیشتووە و ئێستا دەبێت بریار لەسەر درێژەدانی ئۆپەراسیۆنەکە بدات.

هاوکات ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە سەرچاوەیەکی ئەمریکاییەوە گواستییەوە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان چڕتر کردووەتەوە، ئەگەرچی هێشتا فەرمانی نوێی لە واشنگتۆنەوە پێ نەگەیشتووە.