ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، وەرزێرانی گەنمکار لە بیجار بەرانبەر بە بڕینی بەشێک لە داواکارییە داراییەکانیان، دواکەوتنی دوورودرێژ لە پێدانی پارەی بەرهەمەکانیان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بە وتەی وەرزێران، دوای ٧ مانگ لە ڕادەستکردنی گەنم بە ناوەندەکانی کڕینی دەوڵەتی، نەک تەنیا پارەکانیان بە تەواوی پێنەدراوە، بەڵکوو بە پێچەوانەی بەڵێنەکان، نزیکەی سێ لەسەد لە بڕە پارەی چاوەڕوانکراو بڕدراوە.
بەرپرسان پێشتر بەڵێنیان دابوو تێچووی بیمە لە داواکارییەکانیان کەم نەکرێتەوە، بەڵام لە حەوت لەسەدی پاشماوەی پارەکەیان، تەنیا چوار لەسەدی خراوەتە سەر هەژمارەکانیان.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکە، پێنەدانی قەرەبووی دواکەوتنی چەند مانگەی پارەکانیانە؛ دواکەوتنێک کە هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کود، تۆو و کەرەستەکانی وەرزێری، گوشارێکی ئابووریی زۆری خستووەتە سەر بەرهەمهێنەران.
ناڕازییان جەخت دەکەنەوە کە بڕینی پارەی گەنمەکەیان، بژێوی ژیان و توانای دابینکردنی تێچووی وەرزی نوێی چاندنی تووشی کێشەی جیددی کردووە.
ناڕەزایەتیی وەرزێرانی بیجار لە کاتێکدایە کە دواکەوتنی پێدانی پارەی گەنمکاران و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان و ئێراندا بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کەرتی وەرزێری.