کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی بەفرانباری ١٤٠١

17:46 - 2 رێبەندان 2722

ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''چاونیوز'' لە ڕاپۆرتێکدا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە مانگی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی بڵاو کردەوە.

بەپێی ئاماری چاونیوز، لە مانگی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی سەرتاسەری، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ''بورهان ئەلیاسی'' خەڵکی جوانڕۆ ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کرا.

هەروەها لە ڕەوتی ڕاپەرینە سەرتاسەرییەکان لە کوردستان لە مانگی بەفرانباردا ١٨ هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بریندار کراون.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ١١ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی جۆراجۆر لەسێدارە دراون.

بەپێی ئەو ئامارەی کە چاونیوز بڵاوی کردووەتەوە ٣ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و کۆڵبەرێکیش بریندار کراوە.

لە ئاماری پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ڕۆژڵاتی کوردستان لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، ١٠٦ کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا ٥ حاڵەتی خۆکۆژی لە کوردستان ڕووی داوە.